ئێوارەی ئەمڕۆ ٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، “مانگی خوێن” کە بە دیاردەیەکی فەلەکی دەگمەن دەناسرێت هەڵدێت. بەڵام هێما ئاینییەکەی بۆ جولەکەکان مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت ئێستا کە ئیسرائیل لەناو کەشوهەوای گرژی سیاسی و سەربازیدایە.
بە پێی تەلمود و تاناخ، مانگ گیران نیشانەی تووڕەیی خودایی و پێشبینی شەڕێکی گەورە دەکات، ئەمە لە کتێبی یوئێلدا بە ڕوونی هاتووە “خۆر دەگۆڕێت بۆ تاریکی و مانگ ڕەنگی خوێن دەگرێت پێش ئەوەی ڕۆژی گەورەی یەزدان بێت”.
نەریتی تەلمودی لەوەش زیاتر باسدەکات کەپێی وایە “مانگی خوێن” شەڕە خوێناویەکان و لەناوبردنی جیهان نزیکدەکاتەوە. لەم نێوەندەدا زۆهار لە کابالا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مانگگیران نیشانەیەکی خراپە بۆ ئیسرائیلییەکان، ئەو مەترسیانەیان بیردەخاتەوە کە لەوانەیە لەم جۆرە ساتانەی گەردوونیدا بەسەریاندا بێت.
لە لێدوانەکانی پێشووی حاخامەکانی جولەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە “ئیسرائیل لێپرسینەوە لە کارەکانی دەکات و مانگگیرانیش پێشبینی شەڕێکی گەورەیە”.
ئەمشەو لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ئەم دیاردەیە، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو بازنەکانی ئایینی جولەکەدا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشەکان لە ناوچەکەدا، هەڕەشەی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ هەڕەشەی ئێرانی لە وەڵامدانەوەی هەمەلایەنە بەرەوڕوو دەبێتەوە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئیسرائیل و بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا هەبێت.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم هێماسازییە ئایینییە خەریکە دەبێتە فاکتەری فشاری دەروونی و سیاسی، بەو پێیەی جولەکەکانی ئایینی وەک نیشانەیەکی ئاسمانی نیگەرانکەر لێی دەڕوانن لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان پێشبینی ئەگەری “خولی دووەم”ی شەڕ لەگەڵ ئێران دەکەن.
بەم شێوەیە، ئەمشەو، دیاردەیەکی فەلەکی دەگمەن لەگەڵ گێڕانەوەی ئایینی کۆن و ڕووداوە سیاسییە خێراکاندا یەکدەگرێتەوە، لە دیمەنێکدا کە نیگەرانییەکان زیاتر دەکات کە ئەم “مانگی خوێناوییە” زیاترە لە تەنها مانگگیرانێک، بەڵکو بەپیی بیروڕا ئاینییە جولەکەییەکان زیاتر هێمای قۆناغێکی خوێناوییە کە لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەقوڵێت.
