ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەسەر مووچە و شایستەکانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیداڵەوە بنێردرێت”.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران:
ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد.
دووپاتمان کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکیانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە ، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە، مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیداڵەوە بنێردرێت.
پاشان بەڕێزان ئەندامانی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی دوا پێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە حەفتەی ڕابردوو، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان بەڕێز وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە کۆتاییدا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەمان کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.
