چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

ئازادیی رادەربڕین؛ درۆ شاخدارەکەی یەکێتی!

سەیرکراوە: (16.1K)

چاوەڕێ بیلال

کوشتن بەهۆی چالاکی سیاسی و ئازادی بیروڕا لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە. ئەم حاڵەتانە زیاتر لە ناوچەکانی زۆنی زەردی ژێردەستی پارتی بەربڵاو بوون. بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لە ناوچەکانی ژێر رکێفی یەکێتیش بوونەتە دیاردەیەکی روون.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوو رابردوو، بەدیاریکراویش دوای کێشە ناوخۆییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەر دەسەڵاتەکانیان و دواتر دەرکردنی لاهوور جەنگی ، چەندین رووداوی کوشتنی جێگە گومان لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویانداوە لەوانەش کوشتنی کادیری ناسراوی یەکێتی موراد کانی کوردەیی لە رانیە، تەقاندنەوە و کوشتنی هاوکار جاف لە هەولێر کە بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتی بوو، دۆزرانەوەی تەرمی نیاز جەلال دەرگەڵەیی لەناو باخەکەیدا کە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی بوو. ئەمە جگە لە رووداوەکانی لالەزار و کوشتنی دەیان گەنج و دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدیش!

ئەم رووداوانە بۆ هێزێکی وەک یەکێتی کە خۆی جیاواز لە پارتی دەردەخست و وای نیشاندەدا کە باوەڕی بە ئازادی بیروڕا هەیە، جێگەی پرسیاری جیدی و هەڵوێستەلەسەرکردنە. ئایا یەکێتی نوێ وەک پارتی بەتەواوی بووەتە حزبی خێزانێک؟ ئایا ئەم خێزانە ئامادەن لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و مۆنۆپۆلی ئابووری و بازاڕ نەیارەکانیان تیرۆر بکەن؟ ئایا ئەو تۆزە ئازادییەی لە سلێمانی هەبوو بەتەواوی نامێنێت و حزبی دەسەڵاتدار لەڕێگەی سیخور و چەندین جۆر هێزی ئەمنی جیاوازەوە چاودێری چالاکی و جووڵەی خەڵک دەکات بەتایبەت ئەوانەی دەنگ و رەنگی نەیاری حکومەت و حزبی دەسەڵاتدارن؟

وەڵامی زۆرینەی ئەم پرسیارانە بەداخەوە بەڵێ-یە. هەندێکیان روویانداوە و لە قۆناغی رابردوودان، هەندێکیان لە ئێستادا روودەدەن. داهاتووی ناوچەی سلێمانی لەڕووی ئازادی سیاسییەوە روون نییە. لەئێستادا یەکێتی سەرقاڵی خنکاندنی سلێمانییە، بەمانەیەکی دیکە کردنی سلێمانییە بە هەولێر و دهۆک کە بەهۆی هێز و فشاری پارتییەوە جووڵەی سیاسی و ئازادی رۆژنامەنووسی بەتەواوی لاوازکراوە و دەنگی ئازاد بەزوویی کپ دەکرێت.

بەهۆی قەیرانی نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە، ئازادی سیاسی و رۆژنامەنووسی ئەولەویەتی زۆرینەی خەڵک نییە لە ئێستادا، بەڵام ئازادی لە نان و ماف لە خزمەتگوزاری گرنگترن. زۆر گەلی دوونیا هەن نان و خزمەتگوزاریان هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی ئازادی و مافەوە لە وڵاتەکانیان رادەکەن.

هەر بۆیە بۆ بۆچوونی من، ئەم قۆناغە زۆر گرنگە بۆ توێژی نوخبە و روناکبیر و رۆژنامەنووسان بەوەی بێ ئاگا نەبن لەو پلانانەی رۆژانە جێبەجێدەکرێن بۆ خنکاندنی ئازادی و کۆکردنەوەی دەسەڵات و بڕیارەکانی گەلێک لە دەستی چەند کەس و خێزانێکدا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 123 Today: 2,074 📊 Click Here