عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دروشمێکی ترەمپ بەرجەستەکردنی ئاشتی سەرتاسەری بوو، بەوەش توانجێکی زۆری دەخێواندە دیموکراتەکان، بەرمەبنای ئەوەی، لەبەر لاوازی ئیدارەدانی بایدن بۆ ڕووداوەکان، جیهان لەبەردەم شەڕێکی بێ ئاماندایە و خەریکە هەموو شتێک لە گرێژنە دەرچێت و کارەساتێک بێتە پێشەوە و بقەومێت هاوشێوەی یەکەم و دووەم شەڕی حیهانی، ئەمەی کردبووە وێرد و سەڵاواتی سەر زمانی و دەیوت، ئەگەر من ببمە سەرۆک، کۆتایی بە شەڕوئاڵۆزییەکان دێنم، وادەکەم دانیشتوانی ئەم سەر زەمینە لە سایەی ئاشتیەوە ژیان بەڕێبکەن، بە جۆرێک هەموو شتێک بە ویستی خۆیانەوە بێت، بەردەوامیش ئەوەی دەوتەوە بەوکارە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبم.
بەندە ئەو دەم گاڵتەم بەو دروشمەی ترەمپ دەهات، واشم لێکدەدایەوە ئەو بانگەشەیە و تەنها دروشمێکی هەڵبژاردنە و هیچیتر نییە، بێگومان ئەوە هەر ڕای من نەبوو، بەڵکو ڕای چالاکوانان و چاودێرانی سیاسی و بگرە عەوامی خەڵکیش بوو، بەوەی ئەو پیاوە ڕاستناکات، تەنها دروشمە و دەیفرۆشێتەوە بە خەڵک و لێدانیشە لە دیموکراتەکان.
بەهەر حاڵ کە لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوت، درێژەی بەو دروشمە داو بگرە زیاتریشی هێنایە سەر، وەک ئەوەی ئەو فریادڕەس دەبێت و شەڕ لە هەموو شوێن و شەڕگەکان دەوەستێنێت، بە ناو ناوی هەندێک شوێنیشی دەهێنا و ئاماژەی بەوەدەدا، پڕۆژەم هەیە بۆ وەستاندنی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا، ساغیشی کردبۆوە کە هاکا ڕایدەگرێت، باسی شەڕی ئیسرائیل و غەزەشی دەکرد.
زوو زوو ئەوەی دەوێتەوە، دەبێت ئەو شەڕە کۆتایی بێت و ڕاوەستەنەکەشی لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت، هەر ئەوانەش نا بەڵکو جەختی لەوە دەکردەوە کە ئاو بە شوێنە گەرمەکانیتریش دادەکات و ئیتر ئاشتی باڵدەکێشێ و تەواو، لەڕاستیدا بەو پێداگیریەشەوە، من هیچ متمانەم پێی نەبوو، لەبەر ئەوەی سیاسەتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەوەتەی دامەزراوە کە تا ئێستا نزیکەی ٦٠ جار هەڵبژاردن کراوە و ٤٧ سەرۆکیش حوکمی ئەو وڵاتەیان کردووە.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە شتێکی ئەو تۆی لێ نەگۆڕاوە، تەنها دەم و چاو و شێوازی بەکارهێنانی تەکنیکەکان نەبێت، بنەمای سیاسەتەکەش، دروستکردنی ئاڵۆزی بەربڵاو و کێشانەوەی زۆرترین پارەوپول و سەروەت و سامانی وڵاتان، هەرگیز لەوە زیاتر نەبووە، ئیتر کێ بەو ئاگرەوە دەسوتێت، کام دەوڵەتیش دەبێته قوربانی ئەو ستراتیجەی ئەمریکا، لایان ئاسایی بووە، تا ئەم ساتەش ئەو سیاسەتە درێژەی هەیە، گرنگ ئەوەیە ولایەتە یەکگرتووەکان سەلامەت بێت، ئەو ئامانجە سەبارەت بەوان ڕێژەیەکی نەگۆڕە و بەردەوامیشە و قابیلی دابەش بوون نییە.
ئەو ڕاستیە ئەوەمان بۆ ساغ دەکاتەوە، کێڕکێی هەڵبژاردن لەو وڵاتە، لەسەر ئیدارەی ناوخۆ و پرسە ئابووری و ژینگەیی و خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و پەروەردە و فێرکردن بووە، نەک کێشە و پرسە نێودەوڵەتییەکان، چونکە وەکو لە پێشدا ئاماژەمان پێدا ستراتیجیەتی ئەمریکە کا دادەڕێژرێت بە لای کەم بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ دەبێت، بە دیوێکیتر هەر ئیدارەک بێتە سەرحوکم دەبێت هەمان ڕێوشوێن بگرێتەبەر و بەردەوامیش لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەرجەستەی بکەن، چونکە ئەوانە نە دۆستی هەتا سەرن، نە دوژمنی هەتا سەر، بۆیە کاتێک ترەمپ هاتە سەر حوکم و باسی بەرقەرار کردنی ئاشتی کرد زۆرم لا سەیربوو، چونکە بونیادی ئەمریکا، بە تایبەتی ئەو پیاوە، لە هەموو ڕووێکەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، لەسەر چۆنیەتی ڕووتاندنەوەی وڵاتان و کەڵەکە کردنی سامان بووە، ئەو واقیعە دوای ساڵێک لە فەرمانڕەوایی، بە ئاشکرا دەبینرێت، بۆ ئەوە دەتوانین چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بخەینەڕوو:
١-ئەوە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا لە بری ڕاگرتنی، زیاتر تەشەنەی سەندووە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو پیاوە دەیوت هەر بێمە سەر دەسەڵات ڕایدەگرم، سەرباری ئەوە خەریکە کڕین و فرۆشتنیش بە ئۆکرانیاوە دەکات، بە تایبەت بەو پڕۆژە ٢٨ خاڵیەی کە هەموی لە قازانجی خۆی و ڕوسیایە.
٢-شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و ئەوانەی پێیان دەوترێت هاوپەیمانی بەرهەڵستکار، ڕۆژ نییە سوتێنەرەکەی(محرقە)سەر و جەستەی بێ شوماری فەڵەستینیەکانی بە بەرچاویەوە تێدا نەسوتێت، لێرەش ڕاستی نەکرد، ڕاستە هەنگاوێکی هەڵهێنا، بەڵام دەیان بۆمبی تەوقیتکراوی تێدایە، بۆی هەیە بە هەر ئەگەرێک بتەقێنەوە و تەڕ و وشکی ماوە بە یەکەوە بسوتێنێت.
٣-ئەوەش سودان دووبەرەی لێک قیت کردۆتەوە، بەشێوەیەک هەرچی ئایینی ئاسمانی و عورفی دونیەوی حەرام و نەفرەتی لێکردووە، ئەوە بە یەکتری دەکەن، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، لایان نە بایە و نە بارانە، بەمدواییە کە جێنشینی شانشینی سعودیە، داوای لە ترەمپ کرد، هەوڵێک بدات بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بە ئاشکرا وتی ٦٠٠ ملیارەکەی بەرهەمهێنانتان لە ئەمریکە دەکەنە ترلیۆنێک، محمد سەلمان سەری ڕازیبوونی بۆ لەقاندەوە.
٤-ترەمپ لە بری خەفەکردنی ئاگری ئەو شەڕە خوێناویانەی لە ئارادایە وەک جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی، لە چەندین شوێنیتر ئاگری شەڕی گەرمکردووە و خەریکە چەخماخەکەی لێبدات، ئەوەتا ملی لەبەر ملی فەنزوێنلا ناوە و بە پاساوی بێ بنەما داوای خۆبەدەستەوەدان و ڕۆیشتنی سەرۆکەکەی دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە سەربەخۆیە و کارێکی ئەوتۆی نەکردووە زەرەر بە ئەمریکا بگەیێنێت.
٥-سوریاشمان بینی، دوای نزیکەی چواردە ساڵ شەڕ و شۆڕ و کوشت و کوشتار و ڕۆیشتنی ئەسەد، لەبری دامەزراندنی حکومەتێکی بنکە فراوان کە وەڵامدەرەوەی قوربانیە بێشومارەکانی کۆی گەلانی سوریا بێت، ڕێک تیرۆرستێکی عەیار ٢٤ی هێناو کردی بە حاکمی موتڵەقی ئەو وڵاتە، نەک هەر ئەوە (علی عناد السوریون) دەیباتە کۆشکی سپی گوڵاو پژێنیشی دەکات.
بەڕاستی بەوە دەرکەوت ئەو پیاوە خاوەن بەڵێن نییە و لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، گەلانیتر زەرەرمەند دەبن یان نابن ئەوە قەدەریانە دەبێ قبوڵیان بێت، بێجگە لەوانەی ئاماژەمان پێدان، زۆر بوار و شوێنیتریش هەن ناخی ئەو پیاوە شەڕانگی.
