وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو ٢٠٢٦ دەست بە ئامادەکارییەکان دەکات بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە حاجیانی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر راسپاردەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەک لە کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان و هاوکات بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە و سیروان عبدالرحمن، نوێنەری بەرێوەبەرایەتیەکە لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقی دەستنیشان کراون تاوەکو شانبەشانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق بەدواداچوون و سەردانی ئەو ئۆتێلانە بکەن کە بۆ ساڵی داهاتوو لە شاری مەدینەی پیرۆز بۆ حاجیانی عیراق و کوردستان دەستنیشان دەکرێن لەگەڵ چاودێریکردنی ئەو خواردنەی کە بۆ حاجیان ئامادە دەکرێت.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە ئامادەکاری دەکات تاوەکو بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیانی کوردستان بکرێت و پارساڵ و ساڵانی رابردوویش گەواهیدەری ئەو راستەبوون کە حاجیان بە چ جۆرێک خزمەت کراون و خزمەتگوزارییان پێشکەش کراوە.
کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بۆ (خەڵک) رایگەیاند، ئەمساڵ لەلایەن د. پشتیوان سادق راسپێردراوین بۆ ئەوەی ئەو خزمەتە پێشکەش بە حاجییان بکەین و هەر سبەی رێکەوتی ٢٢\٩\٢٠٢٥ بەرەو شاری مەدینە بەڕِێ دەکەوین بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو.
وتیشی: هەمیشە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. پشتیوان سادق جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە بەردەوام لە کاردابین و هەوڵ بدەین ساڵ بە ساڵ بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیانی کوردستان بکەین و لەمبارەیەوەیش سەرکەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە و لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو پشکی شێری ئەو خەڵاتەمان بەرکەوتووە کە شاندی حاجیانی عیراق لەسەر ئاستی هەموو شاندی وڵاتان خەڵاتی لبیتم وەردەگرێت وەکو باشترین شاندنی حاجیيان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی چڕ و پڕ ساڵانە دەست بە ئامادەکارییەکانی وەرزی حەج و عومرە دەکات و ئەمساڵێش بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی کوردستان لەلایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەروازەی حەج راگەیەندرا کە تایبەتە بە ناونووسینی حاجیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری.
