یەکشەممە. ئازار 8th, 2026

ئاماری نوێی تووشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی ڕاگەیەنرا

سەیرکراوە: (1.3K)

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و دەشڵێت: ئەم ساڵ تائێستا زیاتر لە 2800 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون.

د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بۆ ڕووداو وتی، “شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و هۆکارەکانیشی بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست و شیرپێنەدانی دایکان بە منداڵەکانیان و چەند هۆکارێکی دیکە گەڕاندەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، نەخۆشخانەکەیان زۆرترین چارەسەری شێرپەنجەی مەمک پێشکەش دەکات، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆری دەرمانەکانەوە، ناتوانن 100%ی چارەسەرەکان دابین بکەن.

ڕوونیکردەوە، کە دەرمانە گرانبەهاکان زیاتر لە قۆناغەکانی سێ و چواری نەخۆشییەکەدا بەکاردێن و زۆرجار دەستناکەون، لە کاتێکدا چارەسەر لە قۆناغەکانی یەک و دوودا زۆر ئاسانتر و کەم تێچووترە.

د. یاد نەقشبەندی، داوای لە خانمان کرد کە بەدەم بانگەوازی پشکنینی پێشوەختەی مەمك بچن و وتیشی، “گرێبەستی کڕینی دەرمانمان ساڵانە سەروو 100 ملیار دینارە، لە کاتێکدا دەتوانین بە ملیارێک دینار ئامێری مامۆگرام بۆ هەر چوار شارەکەی هەرێم دابین بکەین.”

ناوبراو داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە ئامێری مامۆگرام بۆ پشکنینی پێشوەختە دابین بکات و وتی: “دەبێت ئێمە لە دەرگای شێرپەنجە بدەین، نابێت شێرپەنجە لە دەرگای ئێمە بدات.”

بە وتەی د. یاد نەقشبەندی، لە پارێزگای سلێمانی ئەم ساڵ تاوەکو 1ـی ئەیلوول، دوو هەزار و 800 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون، نزیکەی 20% بۆ 21%ی تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، کە لەهەمان کاتدا زۆرترین رێژەی چاکبوونەوەش لەم جۆرەی شێرپەنجەدا تۆمار دەکرێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 99 Today: 1,025 📊 Click Here