پەرلەمانی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان، پەسەندکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی نوێ و چاکسازی بۆ باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان پەسەند کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی ئێران لە کۆی ٢٤٦ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بە زۆرینەی ١٧١ دەنگی بەڵێ، لە بەرامبەر ٦٩ دەنگی نەخێر و ٦ دەنگی بێلایەن، هێڵە گشتییەکانی بودجەی پەسەند کرد.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە کە بودجەکە دوای ئەنجامدانی چەند “چاکسازییەکی بژێوی” پەسەندکراوە؛ لەوانە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی پلەبەندی تاوەکو ٤٣٪ لەبری ٢٠٪، هەروەها کەمکردنەوەی باجی زیادکراو لە ١٢٪ بۆ ١٠٪، و تەرخانکردنی ٨.٨ ملیار دۆلار بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە بودجە نوێیەکەدا بڕی ٢٩٠ هەزار ملیار تمەن بۆ کڕینی گەنم بە مەبەستی دابینکردنی نان و ١٧٠ هەزار ملیار تمەنیش بۆ هاوتاکردنەوەی مووچەی خانەنشینان تەرخانکراوە.
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە بودجەی ساڵی داهاتوو ئاماژەی بەوە کرد کە دراوی پاڵپشتیکراو لە بودجەکەدا لا نادرێت، بەڵام وتی: “پێویستە ئەم سوودە لە سەرەتای زنجیرەکەدا نەمێنن؛ بەڵکو بەشێکی بۆ بەرهەمهێنان و بەشەکەی تری بۆ خەڵک بێت.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی دراوی پاڵپشتیکراوی (٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەنی) ڕایگەیاندبوو و ئەو دراوەی بۆ هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان دەدرا بە هاووڵاتییان، “هەڵدەلوشرا” و بەفیڕۆ دەچوو.
دواتر قاڵیباف داوای کرد “مەودای گۆڕانکارییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو” لە بودجەدا دیاری بکرێت و نرخەکان بۆ ماوەی ساڵێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا جێگیر بکرێن و هیوای خواست بودجەی ساڵی داهاتوو ببێتە هۆی “سەقامگیریی ئابووری”.