بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا و بڕیارە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا ‘سانا’ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە بەیانی دووشەممە، ئەحمەد شەرع، لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن.
ڕۆژی هەینی 7ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن بە فەرمی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەحمەد شەرع بوو بۆ ئەمریکا.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتابی دا، کە زیاتر لە 10 ساڵە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
