هەینی. ئازار 6th, 2026
سەیرکراوە: (798)

رۆژێكیان پیاوێكی باریكەڵەی سەر ماشوبرنجی هاتە پۆلەكەمان، لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووم لە هەڵەبجە، وتیان ئەمە ناوی عوسمان چێوارە، لەگەڵ مامۆستا ناسری حاجی تۆفیق كە وانەی كوردی و هونەری پێدەوتین چەند مشت و مڕێكیان كرد و من و قوتابیەكی تریان هەڵبژارد تا یەكێكمان چەند ساتێك لە شانۆگەریەكدا رۆڵێكی لاوەكی ببینین..

بۆ تێست كردنی هەركەسێكمان لەسەر شانۆی قوتابخانە دایانناین و مامۆستا چێوار وتی، بەشێوازێكی درامی (وەك تەمسیل) باسی خۆتان بكەن و با جوڵەی جەستەتان لەسەرشانۆ هەبێت، لاسایی كردنەوەی ئەكتەرەكانی تیڤی بەتایبەت قسە و جوڵەكانی حاجی مەكی رەحمەتی لای منداڵانی ئەو سەردەمە بۆ لاسایی كردنەوە و گێڕانەوەی رۆڵەكان زۆر باوبوو كارێكی ئاسایی بوو، من رۆڵی خۆمم بینی و باسی ژیان و گوزەران و بەسەرهاتی رۆژانەی خۆم بە نواندنەوە بۆ نمایش كردن و هەر زۆر بە دڵیان بوو، لەبیرمە چێوار چەپڵەشی بۆ لێدام و لەسەر شانۆ هاتمە خوارەوە دەستی بەسەرمدا هێنا و وتی ئەی ئافەرین!!

پاش من ئەكتەری دووەم رۆشتە سەرشانۆ كە قوتابیەكی پۆلەكەی خۆم بوو، بەڵام لە وانەكانیدا زۆر تەمبەڵ بوو، لە ئیملا و لەبەركردن و سرود و هەموو بابەتەكان باش نەبوو، تەنانەت رۆژانە لە پشكنینی نینۆكیشدا (راستەی دەخوارد) واتە لە پشت دەستی دەدرا، چونكە دەستەسڕە گوڵ گوڵاویەكانی پێنەبوو، بەم هەموو كەلێن و خاڵە لاوازانەی كە هەیبوو، كە چوە سەر شانۆ نمایشی خۆی وەك زیرەك و پاكوپوخت و ئازا و لێهاتووترین قوتابی باسی خۆی كرد، لە نمایشەكەدا دڵی منی تەقاند، ئێ منی پۆلی یەكی سەرەتایی لە خوارەوە قسەكانم پێ بڕی و چومە ناو دەقەكەی و بە دەنگی بەرز وتم:

ـ وەڵا درۆ دەكات هیچی وانیە. هەردوو مامۆستاكە وتیان نابێت تۆ قسە بكەیت، ئەمە تێستە و هەرچی بڵێیت تەنها نواندنە، پاش كەمێك بێدەنگ بوون، ئەكتەرەكە خۆی لێبوو بە سپارتاكۆس گوایە لە پۆلەكەدا تەنها ئەو هەیە بەرگری لە ئێمە و لە پاكو خاوێنی پۆل و شتەكانی تریش بكات، ئێ وا نەبوو خۆی زۆر چڵمن بوو!!، منیش جارێكی تر لە خوارەوە

هەڵمدایەو وتم: ـ ئەمجارەش هەرچی وت هەر درۆ بوو هیچی وا نەبوو.. ئیتر هەردوو مامۆستاكە كەمێك پێكەوە چپەیان كرد و دەستی منیان گرت هێنامیانەوە بۆ ناو پۆلەكەم.. رۆڵەكەش درا بە ركابەرەكەم كە لە نواندندا لە من باشتر نەبوو، بەڵام ئەو زانی رۆڵی ئەكتەر ببینێت و نواندنی درۆ بكات و شتەكان بە سیناریۆ داتاشینیان بۆ بكات و پابەند نەبێت بە كاری راست و راستبێژی و راستگۆیی ژیان.

نواندن و وتن و كاركردنی ئەمڕۆش هەمووی كاری ئەكتەری دەوێت و دەبێت بزانیت چی دەڵێیت و چۆن نواندن دەكەیت و چۆن دەستكاری دەقەكان دەكەیت؟؟! مەرج نیە هەموو حیوارەكان راستی بن، مەرج نیە هەمیشە زیرەكەكان لەناو هونەرمەندە كارەكتەرەكاندا سەركەوتووبن، یان ئازاكان یان پاكەكان، بەڵكو ئەو كەسانەی جوانترین رۆڵی درۆ نمایش دەكەن، ئەوانە رۆڵی یەكەمیان دەدرێتێ، راستگۆكان لەسەر شانۆی ژیان ئازاری زۆر دەچێژن، پرسی ژیان و پرسی نان و پرسی سەرما و گەرما هەمیشە هەڕەشەیان لێدەكات، بەڵام ئەكتەرەكان، ئەوانەی وەك قوتابیەكەی پۆلی یەكەم كە خۆی بە پاڵەوان نمایش كرد و پاڵەوانیش نەبوو، توانی كێكەكە بخوات و رۆڵەكە ببات، ئێستاش ژیان وەك شانۆكەی 50 پەنجا ساڵ لەمەوبەر وایە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 832 📊 Click Here