سوپای ئەمریكا چەكی قورس و سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات
ئێوارەی ئەمڕِۆ فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بنکەی سەربازی قەسرەک لە باکوری حەسەکە لە ڕِۆژئاوای کوردستان نیشتووەتەوە، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، كە سیستمی بەرگری ئاسمانی گەیاندۆتە بنکەکە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: فڕِۆکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان، کە چەکی پێشکەوتوو و قورسی لەگەڵ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی هەڵگرتووە، لە بنکەی سەربازی قەسرەک لە ڕِۆژئاوای کوردستان نیشتەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان شەوی رابردوو لە بنکەی قەسرەک راهێنانی سەربازییان ئەنجامداوە و تیایدا چەکی قورسیان تاقیکردۆتەوە.
لە رۆژی (٥)ی ئەم مانگەشدا، لە رێگەی دەروازەی سنوریی وەلید لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی (١٥) بارهەڵگرەوە بلۆکی چیمەنتۆیی و ئامێری هەڵکەندنیان گەیاندە بنکەی قەسرەک لە باکووری حەسەکە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بە نێوەندگیری تۆم باراك، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، ئەمڕۆ سێ شەممە لە دیمەشق مەزڵوم عەبدی و ئەحمەدش شەرع و شاندی باڵای هەردوولا كۆبوونەوە و وەك میدیا جیهانییەكان دەڵێن: عەبدی داوای “ئۆتۆنۆمی” هاوشێوەی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر كردووە و ڕێككەوتنی سەرەتایی كراوە لەسەر دووبارە نووسینەوەی دەستووری سووریا تا مافەكانی كورد بپارێزرێن.
