پێنجشەممە. نیسان 2nd, 2026

ئەمڕۆ ساڵیادی 35 ساڵەی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی هەرێمی کوردستانە

سەیرکراوە: (2)

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنییەکەی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، کە دوای رزگارکردنی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سوپای رژێمی بەعس هێرشی کردەوە سەر کوردستان بۆ داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانەی ئازادکرابوون و بەهۆیەوە کۆڕەوی ملیۆنی دانیشتووانی هەرێی کوردستانی لێکەوتەوە.

دوای سەركەوتنی راپەرینى بەهاری 1991 و ئازادكردنی سەرجەم ناوچەكانی ههرێمی كوردستان، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، رژێمی رووخاوی بەعس هێزێكی زۆری كۆكردەوە و هێرشی کردەوە سەر کوردستان، بهو هۆیهوه سەدان هەزار هاووڵاتیی ماڵ و حاڵیان جێهێشت و بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا كۆچیان كرد، ئەم كۆچە گشتییە بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی 1991 ناسرا كه رهتكردنهوهی بهكۆمهڵی ژێردهستهیی بوو.

10 رۆژ دوای ئازادکردنی کەرکووک لە راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا، هاوسەنگی هێز گۆڕاو رژێمی بەعس هێزی گەورەی کۆکردەوە و هێرشی پێچەوانەوەی لە 31ـی ئازاری 1991 بۆ سەر ناوچە رزگارکراوەکان دەستپێکردەوە، بەهۆیەوە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە نێوان بڕیاری مانەوە و دووبارە ژێردەستەیی و جێهێشتنی خاکدا، بژاردەی دووەم و کۆڕەوی گشتییان هەڵبژارد و ڕووداوەکە هەموو كوردستانی گرتەوە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا کۆچیان کرد و زۆرینەیان بەپێ و بە کۆمەڵ و بەشێکیشیان بە ئۆتۆمبێل و هۆکاری گواستنەوە خۆیان گەیاندە سنوورەکان.

کۆڕەوی ملیۆنی کورد دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، فەرەنسا رۆڵی کاریگەری بینی بۆ دروستکردنی لۆبی لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەهۆیەوە بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و ناوچەی قەدەغەی فڕینی لێکەوتەوە.

جێمیس بیكەر، راوێژكاری بۆشی باوك رۆڵێكی گرنگی بینی هێڵی 36ـی دیاریكراو و بریاری 688 یان دەركرد، بۆیە ئەو بریارە توانی جینۆسایدی كورد رابگرێت و وڵاتان هاوڕابوون لەسەر ئەو پرسە و جینۆسایدی گەلی کوردیان بە شەرمەزاری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی دانا لە سەدەی بیستەمدا.

دوای دەركردنی بڕیاری 688 و دیاریكردنی هێڵی 36، هاووڵاتیانی دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، هۆکارەکەی تەنیا ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیانە نەبوو، بەڵكو هاندانی بەرەی كوردستانی و دواتر دانوستانی سەركردایەتی كورد و چوونیان بۆ بەغدا متمانەیەكی لای خەڵكی دروست كرد كە سەدام جارێكی دیکە ئەو تاوانە ئەنجام ناداتەوە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 195 Today: 2,313 📊 Click Here