ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ڕێز لە مێژووی پڕ لەسەروەریان بگیرێت و ئەزموون و كاریان بكرێتە بناغە بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری حوجرە و مەدرەسە ئاینیەكان لە كوردستان.
دوانیوەرۆی ئەمڕۆ شەممە ۲۰۲٥/۹/۱۳، لە هۆڵی بۆنەكان لە قەزای سەیدصادق، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، بەیاوەری ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەی بەشداریكرد لە (دیداری تەمەن) كە لەلایەن مەكتەبی كاروباری زانایان ڕێكخرابوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، لە (دیداری تەمەن) تیشكخرایەسەر خزمەت و مێژووی مەلایەتیی دەستەیەك لە زانایانی سنوری شارەزوور و هەڵەبجە و پێنجوێن، كە لەماوەی ژیانیاندا تا ئەو ڕۆژەی كۆچی دواییان كردووە خزمەتی بەرچاویان بە كاروانی ئیسلامخوازی و ئیصلاحخوازی لەناوچەكە بەتایبەت و لە هەرێمی كوردستان بەگشتی كردووە.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین لە وتەیەكدا ئاماژەی بەڕۆڵی زانایانی كورد كرد لەكاروانی چاكسازیدا لەسەرجەم بوارەكانی ژیان، بەتایبەت بواری كۆمەڵایەتی و ئاینی و وتی: دژایەتی حوجرە و خانەقا و مێزەری سپی، دژایەتی ئەخلاقە.
جەختیشیكردەوە، پێویستە ڕێز لە مێژووی پڕ لەسەروەریان بگیرێت و ئەزموون و كاریان بكرێتە بناغە بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری حوجرە و مەدرەسە ئاینیەكان لە كوردستان.
ڕاشیگەیاند، جێی شانازیمانە کە ئێمە هەر لەسەرەتای دامەزراندنمانەوە پشتگیریمان لەمەدرەسەی علومی شەرعی و حوجرەکان کردووە، لەبەر ئەوەی زانایانی مێزەرسپی تەمەنێک لەخزمەتکردن بەخاک و نیشتیمان و کۆمەڵگە خزمەتیان کردووە.
وتيشى: زانایەکی ئاینی مێزەرسپی نیە ڕۆژێک لەڕۆژان پستێک خاکی فرۆشتبێت، بۆیە دژایەتی حوجرە و خانەقا و مێزەری سپی دژایەتی ئەخلاقە، ئێمە سەربەرزین پێیان، چونکە هەمیشە پاراستنی بەها ئەخلاقی و باڵاکانیان لەئەستۆ گرتووە، کە ئەوە ناسنامەی نەتەوەی کوردە.
