دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای دابینکردنی پێداویستی بەرگری لە ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکات و عێراقیش تەنیا لەسەر ئاستی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنییەوە ئیدانەی پەلامارەکەی کردووە و بە “تیرۆریستی” وەسفی دەکات.
درەنگانی دوێنێ شەو بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە نزیک چەمچەماڵ و یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی کێڵگەکە تەقیییەوە کە غازی بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکرد.
هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كاتژمێر 11:30ی (شەوی چوارشەممە) بەهۆی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیرا. ئێستا تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە”.
دوای ئەو پەلامارە هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا و بەهۆیەوە 80٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان کوژرایەوە، هەروەک ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندبوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بە تووندترین شێوە هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئیدانە دەکەم و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم بکەرانی بدۆزێتەوە و راپێچی دادگەیان بکات، تیرۆریستە ناسراوەکان بن یان هەرکەسێکی دیکە بێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، “داوا لە هاوبەشە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کەرەستەی بەرگریی پێویست دابین بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان، هەروەها پشتیوانمان بن لە گرتنەبەری رێکاری جددی بۆ رێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵک و پێشکەوتنەکانمان”.
لای خۆشیەوە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند، ئەو تیرۆریستانەی ناویان لە لیستی مووچەی حکومەتی عێراقە، جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بوونە هۆی بڕانی کارەبا لە گەڕەکەکانی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: هەناردەی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کە نزیکەی 10%ـی کۆی بەرهەمهێنانی وڵاتەکە پێک دەهێنێت بە تەواوی وەستاوە.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، دەبێت چەند هێرشی دیکە ڕوو بدات تاوەکوو حکوومەتی ئەمەریکا ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات سیستەمی دژە درۆن بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمان و ژێرخانە گرنگەکانمان، جەختیش لەوە دەکاتەوە حکوومەتی عێراق هیچ باکی بەمە نییە.
لە لایەکی دیکەشەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، سەرکۆنەی توندی هێرشی ناڕەوای سەر کێڵگەکانی کۆرمۆر دەکەین، پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان؛ ئەرکی پاراستن و ئاسایشی هەموو وڵات بەم ناوچانەیشەوە، مکوڕانە لەئەستۆبگرن.
داواشی کرد کۆتایی بەم شێوازە ناڕەواو نادەستوریی و نایاسایی و نامرۆڤانەیە بهێنرێت کە؛ لە دەرەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان، مەترسیی و هەڕەشەو هێرشی لەم شێوانە درێژەپێدەدەن.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی و ئاشکرانەکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە ڕابردوو ئێستادا ئەم تاوانانە دەرهەق بەهەموو خەڵک و خاک و سامان و ئاسایش و سەروەریی عیراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن؛ هاندەرو درێژەپێدەری ئەم ناڕەوایەتییانە دەبێت.
بە وتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش؛ زەمینەی لەبار بۆ هەر دەست و پیلانێکی ڕەش ئاواڵادەکات و دوژمن بە ماڵمان فێردەکات و داواکارین کۆتایی بەم دۆخانە بهێنرێت و وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بپارێزرێت.
تا ئێستا لەسەر ئاستی بەغداش جگە لە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەی سەر کۆرمۆر نەبووە.
لە ڕاگەیاندنەکەی شانەی ئەمنیدا هاتووە: “ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدارە بۆ پەکخستن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری”.
مەسرور بارزانی، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی پەلامارەکانی پێشووی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان ئازادکراون لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “نابێت رێگە بە تیرۆریستان، یان هەر کەسێک لەپشت هێرشەکانی ئەمشەوەوە بێت، بدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە، یان وەک رابردوو بە کەفالەت ئازاد بکرێن”.
