سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشداری له کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دهدات و ڕایدهگهیهنێت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە و دەشڵێت: دەستوورێکمان هەیە کە نەخشە رێگایە بۆ ئێمە و بۆ بەغداش، داوای زیاتر لەوە ناکەین کە لە دەستووردا بۆمان دیاریکراوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ (فڕانس24) ڕایگەیاندووە، دەستوورێکمان هەیە کە نەخشە رێگایە بۆ ئێمە و بۆ بەغداش، داوای زیاتر لەوە ناکەین کە لە دەستووردا بۆمان دیاریکراوە، رێگەش نادەین دەستوور پێشێل بکرێت، ئێستا کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، ئەوان دان بە فیدراڵیزمدا نانێن.
لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی، “بە دڵنیاییەوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش، ڕووبەڕووی هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 دەبینەوە و داعش زیندوو دەبێتەوە.”
بارزانی هۆشداریشی دا و ڕایگهیاند، “داعش مەترسییەکی جیددییە و چەندین جار بە فەرمی ئەوەمان دووپات کردووەتەوە و ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئێمە.”
لە بارەی دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی (هەسەدە) و دیمەشق کە لە ئاداری ئەمساڵ بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانییان واژۆ کرا بارزانی وتی، “نیگەرانە لەوەی دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب خراپتر ببێت و وای لێ بێت دەستوەردانی دەرەکی ڕوو بدات”.
جەختیشی کردووەتەوە، “دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بە شهڕ نا، چونکە شهڕ چارەسەر نییە، هاوکات دەسەڵاتی نوێ دەبێت هەموو پێکهاتە جیاوازهكانی وڵاتهكهی و تایبهتمهندییهكانیان لەبەرچاو بگرێت”.
لە بارەی هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر سووریا، بارزانی ئاشكرای كرد: تورکیا پشتگیری پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات، بە هەمان شێوە ئێمەش پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین. پێکەوە هەوڵمان داوە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت.
بارزانی لەو چاوپێكەوتنەدا پێشوازی لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) کرد و وتی: پێم وایە ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە هۆی ئاشتی لە ناوچەکە و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراویان.
