کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆتایی هات، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش، باسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتیان کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
ئەوەش هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
باس لەوەشکراوە: لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد جەختی لەسەر کرایەوە و داواکرا هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکاندابێت.
لە بەشكێی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرسی ڕێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێکرا و هاتووە، “جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکەوە کرایەوە، بەشێوەیەک مافی خەڵک و دابینکردنی مووچە پارێزراوبێت و خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێنەوە”.
