سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پەیامێكی ڤیدیۆیی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی دەستپێكرد و وتی، ئێمە لە بەغداد شەڕ بۆ تەواوی مافەکانی کوردستان دەکەین و جەختیشی كردەوە، كێشەی مووچەمان چارەسەر كرد و بەشێكی سەرەكی بووین لە كردنەوەی بۆری نەوت، بەڵام هێشتا ماوە و دەبێت ڕێككەوتنەكان ببنە كۆنكرێتی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا وتی، ئێمە لە بەغداد شەڕ بۆ تەواوی مافەکانی کوردستان دەکەین و ماڵە قوڕِەکان ماڵی ئێمەن.
وتیشی، كێشەی مووچەمان چارەسەر كرد و بەشێكی سەرەكی بووین لە كردنەوەی بۆری نەوت، بەڵام هێشتا ماوە و دەبێت ڕێككەوتنەكان ببنە كۆنكرێتی و مووچەی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش وەك بەغدای لێ بكرێت و دەبێت كاری گرنگتر بكەین و دوانەكەوین، چونكە دوای باران بارین چەترمان ناوێت.
ئاشكراشی كرد، دەبێت كە كارت كرد مووچەت هەبێت، دەبێت دوای خوێندن كارت بۆ دابین بكرێت و دەبێت ئاو و كارەبات بۆ دابین بكرێ، بێگومان یەكێتی دابینی دەكات.
جەختیشی كردەوە، كێشەی ئێمە لە بەغدا گەورەترە لە مووچە و هەدەفی من ئەوەیە ئەو ئازارەی ئەمڕِۆ ئێوە دەیبینن سبەینێ منداڵەکانتان نەیبینن.
بافڵ تاڵەبانی وتی: دەبێت بەرنامەكەی مام جەلال تەواو بكەین و ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەكەین.
ئاشكراشی كرد، هەڵبژاردنی پێشوو یەكێتی دەنگەكانی زیادی كرد و ئەم هەڵبژاردنەش لەوەی پێشوو گرنگترە.
بافڵ تاڵەبانی داواشی كرد، “دەنگ بدەن بە ئێمە، كە دەتوانین لە بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەین و یەكێتی دۆستی هەیە لە بەغدا و قسەی دەڕوات، لە بەغدا كێ ئەتوانێت مووچە دابین بكات و كێشەكان چارەسەر بكات؟ كێ قەت خاكی كوردستانی نەفرشتووە؟ كێ قەت براكانی لە پارچەكانی تر نەفرۆشتووە و دەستی لە ئاشتی هەبووە؟ بێگومان یەكێتی بووە.
دەربارەی حكومەتی هەرێم وتی، “حکومەتی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە حکومەتەکانی تر و تا دڵنیانەبین حکومەت لە خزمەتی خەڵکە پێکیناهێنین”.
دەشڵێت: یەکێتی لەم سێ ساڵە عیراقی لە کێشەی گەورە دوورخستووەتەوە و یەکێتی و هاوڕێکانی وایانکرد پڕیشکی ئاگری دەوروبەرمان بەر نەکەوێت و ئەوەش تەنها یەکێتیە کە لە یەک هەفتەدا بچێتە تاران و واشنتۆنیش.
