بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، لەگەڵ لیستی مووچە لیستی ئەو خانەنشینانەش ڕادەستی بەغدا دەکەن، كە پارداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە.
بەهۆی هاوتاکردنی تەمەنی خانەنشینی لەگەڵ عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 27 هەزار فەرمانبەر پێکەوە خانەنشین بوون، ڕێککارە کارگێڕییەکانی هەموویان تەواو بووە، ئەم مانگەش مامەڵەی دوو هەزاری تریان تەواو دەبێت، لەو 29 هەزار خانەنشینە، هەزارانیان کە 25 ساڵ خزمەتیان هەیە 12 مووچەی تەواو دەیانگرێتەوە، کە پێی دەگوترێت پاداشتی خانەنشینی “اكرامیە”.
لیستی ئەو خانەنشینانەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە، لە مانگی (1 بۆ 9) بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق خەرجی نەکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێم ڕایگەیاندووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی ئەوان و وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا بکات، لەگەڵ خۆیان لیستی ئەو خانەنشینانەش دەبەن، کە مانگی 10 دۆسیەیان تەواو دەبێت و 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە.
