بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرایدەکات، بەشەئاردی هەشتەم دابەش دەكرێت و لەم هەفتەیەشدا بەشەخۆراکی شەشەمی ئەمساڵ دابەش دەکرێت. جەختیش دەكاتەوە، 700 هەزار هاووڵاتیی بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك بەشە ئارد و بەشەخۆراكیان پێ نادرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “بڕیاری پێدەرچووە و ئاگادار كراوینەتەوە و رێكارەكانی دابەشكردنی بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ دەستی پێكرد”.
ئاماژەی بەوەشدا: “هەندێك لە زەیت و دۆشاو كەمە، بەڵام رۆژانە شەكر و برنج و پاقلەمەنییەكان بۆ كۆگاكانمان دێت، زەیت و دۆشاوەكەش بۆمان دێت و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت”.
نەوزاد شێخ کامیل، ئاشكراشیكرد، بڕیاری دابەشكردنی بەشەئاردی هەشتەمی ئەمساڵی هاووڵاتییانیش دەرچووە و دەست بە دابەشكردنی كراوە.
نەوزاد شێخ كامیل ئاشكراشی كرد، بەشەخۆراكی شەشەم پێكهاتووە لە: “برنج سێ كیلۆ، شەكر كیلۆیەك، زەیت لیترێك، 400 گرام دۆشاوی تەماتە و كیلۆیەك لە پاقلەمەنییەكان”.
ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ ئاردیش بڕی 9 كیلۆ ئارد دەدرێتە هەر هاووڵاتییەك و ئاردەكەش دوای تاقیكردنەوە دابەش دەكرێت.
بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند: “زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك، بەشەئارد و بەشەخۆراكی تازەیان پێ نادرێت”.
