ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگەکانی 7 تا کۆتایی ئەمساڵ زانیاری ئاشکرادەکات و دەڵێت”بەغدا بەڵێنی داوە بەردەوامبێت لە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی”.
شێرزاد حسێن، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ـی راگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵی بەڵێنی داوە بە بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێم پابەندە داراییەکانی خۆی لە ناردنی داهات و ڕادەستکردنی نەوت جێبەجێ کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، “پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی تەمموز خەرجبکرێت، دوای چەند ڕۆژێکیش مووچەی مانگی ئاب خەرج دەکرێت”.
ڕاشیگەیاندووە، “حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەرکەکانی جێبەجێکردووە، سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانیش مانگانە بڕی 120 ملیار دینار دەگەیەنرێتە حکومەتی فیدراڵی، بۆیە هیچ کێشەیەک بۆ نەناردنی مووچە نەماوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری هاووڵاتیان لە هەرێمدا دەبێت”.
بەڵێنی هەرێم بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگانە بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەشێکە لە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پارەی پێویست لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، و دڵنیابوون لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە هەستیارە کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر بژێوی خەڵکی هەرێم هەبووە.
