ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توندی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە.
بەپێی ئەو زانیارییەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاندی دانوستانکاری حەماس لە قەتەر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
بەرپرسەکان باسیان لەوە کردووە ترەمپ سەرەتا کە هەواڵی هێرشەکەی پێگەیشتووە، توڕە بووە و بە دەنگێکی توند بە ناتانیاهوی ڕاگەیاندووە کە لە بەرامبەر هێرشەکەدا هەستی بە بێهیواییەکی زۆر کردووە.
ترەمپ بە ناتانیاهوی وتووە، بڕیاری هێرشکردنە سەر شاندی دانوستانکاری حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کارێکی ژیرانە نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، ناتانیاهو باسی لەوە کردووە کە کاتێکی کەمی لەبەردەستدا بووە بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان و ئەو دەرفەتەی قۆستووەتەوە.
هەروەها بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دوای هێرشەکە، لایەنەکان پەیوەندییەکی دیکەیان ئەنجامداوە و ئەو پەیوەندییە بە بەراورد بە پەیوەندی یەکەم دۆستانەتر بووە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی 9ی ئەم مانگە، بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەک لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کە شاندی دانوستانکاری حەماسی تێدابوو.
حەماس بڵاویکردەوە کە سەرکردەکانیان لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ئیسرائیل ڕزگاریان بووە و لە هێرشەکەدا کوڕی خەلیل حەیە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس و چوار ئەندامی حەماس و پۆلیسێکی قەتەر گیانیان لەدەستداوە.
