ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلول، دوای زیاتر لە 10 ساڵ، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرایەوە و وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی دەڵێت: هێشتا کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی دروست نەكردووە، بەڵام بە دابەشكردنی نەوتی سپی نرخەكەی دادەبەزێت.
بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاندووە، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هێشتا کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دروست نەکردووە.
ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ماوەیەکی کەمدا، گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا بەدی نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نرخەکان لە بۆرسەی جیهانیدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی، ناوبراو ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی وادەی دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوتی سپی بەسەر هەر خێزانێکدا کرد و وتی، “پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕدا”.
بەپێیی بڕیاری حكومەتی هەرێم، لە مانگی 10دا دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكات، بەڵام هێشتا بڕیار لە نرخەكەی نەدراوە، كە ئاخۆ وەك ساڵی ڕابردوو بە نزیكەی 100 هەزار دینار دەبێت یان نرخەكەی كەم دەكرێتەوە، هاوكات هاووڵاتیان داوا دەكەن حكومەتی هەرێم وەك عێراق پپاڵپشتی سووتەمەنی بكات و نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی 50 هەزار و بەنزین لیتری بۆ 450 دینار داببەزێنێت.
