بەرگریی ڕووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند؛ لە هێرشە ئاسمانییە چڕەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەدا ئامانجە سەربازییەکانی لە ئۆکراین پێکاوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی کیێڤ ئاشکرایان کرد؛ 4 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون لەهێرشێکدا، کە 12 کاتژمێری خایاندووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە “هێزەکانی ڕووسیا شەوی ڕابردوو هێرشێکی گەورەیان دژی دامەزراوەکانی سەر بە کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ئۆکراین ئەنجامدا”.
لەلای خۆیەوە، سێرگی لیبیدیڤ، ڕێکخەری گرووپەکانی کاری نهێنی لایەنگری ڕووسیا لە پارێزگای نیکۆلایڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە 28/9/2025، ڕایگەیاند؛ هێزەکانی ڕووسیا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان لە کیێڤ و دەوروبەری، کە کۆگاکانی چەک و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی گرتووەتەوە.
لیبیدیڤ وتی؛ هێرشەکان لە ڕێگەی شەپۆلی یەک لە دوای یەکی درۆن و مووشەکەوە ئەنجامدراون، کە هەر شەپۆلێک لە نێوان 10 بۆ 20 درۆنی تێدابووە، بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسی بڵاوی کردووەتەوە.
لیبیدیڤ وتیشی؛ هێرشەکان ئامانجەکانی بەرگری ئاسمانی لە پارێزگای دنیپرۆپێترۆڤسک و ناوچەی ئۆدێسایان گرتووەتەوە.
لیبیدیڤ ئاشکرایکرد؛ سوپای ڕووسیا بنکەی سەرەکی هێزی دەریایی ئۆکراینی لە ناوچەی ئۆچاکۆڤ لە پارێزگای نیکۆلایڤ کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشدا کە هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ هێرش بۆ سەر خاڵەکانی دابینکردن لە پارێزگای کیرۆڤۆگراد.
لیبیدیڤ ڕوونیکردەوە بنکەی دەریایی، جگە لە کۆگاکان و ناوچەکانی مەشقی سەربازی لە نیکۆلایڤ، سێ هێرشی چڕیان کراوەتە سەر، و جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی وێرانکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی هێزی دەریایی ئۆکراین.
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند؛ ڕووسیا لە شەو و تا بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 500 درۆنی هێرشبەر و زیاتر لە 40 مووشەک، لەوانە مووشەکەکانی کینگاڵ، ئاڕاستەی شارەکانی ئۆکراین کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 4 کەس لە کیێڤ و برینداربوونی 40 کەسی دیکە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا.
زێلێنسکی وتی: “هێرشێکەی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاند، هێرشێکی دڕندانە، تیرۆرێکی بە ئەنقەست و ئاڕاستەکراو دژی شارە ئاساییەکان.
زێلێنسکی وتی؛ ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکە شاری کیێڤ و ناوچەی کیێڤ، و ناوچەکانی زاپۆریژیا، خمیلنیسکی، سۆمی، و ئۆدێسا بوون، ئاماژەی بەوەشدا کە بینای پەیمانگای نەخۆشییەکانی دڵ لە کیێڤ زیانی پێگەیشتووە.
