دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دۆخی خوێنداکارانی کورد لەمیانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە کەرکوک گرفتەکان ڕادەگەیەنێت و دەڵێت”ڕێگریکردن لە وڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابییان بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، بە تایبەت بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی تاقیکردنەوەی وەزارین هەر بەردەوامە”.
ڕۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای دەرچوونی نوسراوی ژمارە (٨٢٩٨) لە (١٦-٧-٢٠٢٥) ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە ڕێگری ئەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابیان بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وەها ڕاگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە پێشێلێکی ڕوونی مادە چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوە و ڕێگرییەکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی تاقیکردنەوەی وزارین.
دەستەکە جەختیشی کردووەتەوە، بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مادە چواری دەستوور و کێشەی قوتابیانی کورد چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
دەستەکە داوایەکیش ئاراستەی کاربەدەستە کوردەکان کردووە و دەڵێت”لە بەغداد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بەزمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ ڕوونکردنەوەوی وانەکان دابین بکرێت”.
پێشتر لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا دەستەی ناوچە کوردستانیەکان ڕایانگەیاند، بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبوەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عێراق و دەستوورەکەی موڵکی گەلانی عێراقەو لەم چوارچێوەیەشدا مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجام بدات.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هۆشدارییشی داوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە مادە چواری دەستور و پێشێلکردنی، ڕێگای دادگای فیدڕاڵی ئەگرینە بەر.
