پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کارەبای هەموو پارێزگای هەولێر دەبێتە 24 کاتژمێری.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەی ڕووناکی هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە و لە ئێستادا 85%ی سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوون لە کارەبای 24 کاتژمێری.
ئەوەشی خستەڕوو کە “تا ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆژەکە دەگاتە ڕێژەی 100% لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر، کە بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، هیچ شوێنێک لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتیمانی پێنەگەیشتبێت”.
دواتر پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزیری کارەبایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەماهەنگی و هاریکاری بەردەوامی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و بە وردی تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی ستراتیژی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ قۆناغی ئێستا لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک و دەرگای هەموو فەرمانگەکان بە ڕووی هاوڵاتیاندا واڵا بێت بۆ بیستنی کێشە و داواکارییەکانیان.
تەئکیدیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان کردەوە بە مەبەستی بڕینی ڕۆتین و خێرا ڕاییکردنی کاروبارەکانی هاووڵاتییان وەک یەک تیمی کارگێڕی کاربکەن. وتیشی: “ئەرکی ئێمە لەم بارودۆخەدا تەنها بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە. هیچ کەمتەرخەمییەک لە ڕاییکردنی کارەکان قبوڵکراو نییە و دەبێت هەمووان لە خزمەتی گشتیدا بن.”
