بڕیار بوو هەردوو سەرۆک لە بوداپێست کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین، بەڵام کەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، کە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، هاوتا ڕووسییەکەی، لە وادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاندووە؛ هاوکات کۆبوونەوەی نێوان مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، و سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین، ڕایگەیاند، هەردوو سەرۆک “ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕاوێژکارە باڵاکانمان لە هەفتەی داهاتوو”.
لە لاپەڕەی خۆی لە ماڵپەڕی “ترووس سۆشیال” نووسیبووی: “مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسی تر کە هەڵدەبژێردرێن، سەرکردایەتی کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی ئەمریکا دەکەن.”
سەرەڕای ئەوەش، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، و هۆکارەکەی دەستبەجێ ڕوون نەبووەوە، هەرچەندە سەرچاوەیەک ئاشکرایکرد، کە هەردوو وەزیر چاوەڕوانی جیاوازیان هەبووە سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، و گفتوگۆیان لەسەر “هەنگاوەکانی داهاتوو” کرد بۆ بەدواداچوونی پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و پوتین لە هەفتەی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کورت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە.
ڕوبیۆ جەختی لە “گرنگیی کۆبوونەوەکانی داهاتوو کردەوە وەک دەرفەتێک بۆ واشنتۆن و مۆسکۆ بۆ هاوکاریکردن لە گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەگوێرەی دیدگای ترەمپ”، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.
لە کاتێکدا کرملن پەیوەندییەکەی وەک “گفتوگۆیەکی بنیاتنەر وەسف کرد کە باسی هەنگاوە ئەگەرییەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی” کە ترەمپ و پوتین لە کاتی پەیوەندییەکەدا پێی گەیشتوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاندووە، بەرپرسان دوای پەیوەندییەکەی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ هەستیان کردووە کە هەڵوێستی ڕووسیا بەقەد پێویست گەشەی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە.
سەرچاوەکە زیادیشی کرد، کە “ناکرێت ڕوبیۆ ئێستا پێشنیاری کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین بکات بۆ هەفتەی داهاتوو، بەڵام ڕەنگە ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ ئەم هەفتەیە دووبارە قسە بکەنەوە”.
زیاتر لە دوو مانگە ترەمپ کۆتا لوتکەی خۆی لەگەڵ پوتین لە ئەلاسکا ئەنجامداوە، و کۆبوونەوەکە، کە نزیکەی ٣ کاتژمێری خایاند، بەبێ گەیشتن بەڕێککەوتن کۆتایی هات، لە کاتێکدا هەردوو سەرکردە ستایشی پێشکەوتنەکانیان کرد.
لەو کاتەوە، ترەمپ بە ئاشکرا داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کردووە کە “دەستبەجێ جەنگ ڕابگرن”.
