وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای ڕوونکردنەوە لە بارەگای بارزانی دەکات سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوە توندەی کە لە دژی سەرۆکی مەهەپە بڵاویکردەوە و دەڵێت قبوڵی ناکەین.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو ڕاگەیەندراوەی کە بە ناوی نووسینگەی وتەبێژی بارەگای بارزانی بڵاوکراوەتەوە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەکاتە ئامانج، لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازی دەربڕینەوە جێگای قبوڵ نییە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە داوای ڕوونکردنەوە لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە لەبارەی ئەم ڕاگەیاندراوە بێڕێز و ئیستیفزازیەوە کە بانگەشەی بێ بنەمای تێدایە و داوا کراوە دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە بەرپرسیارن لەو ڕاگەیاندراوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ وتەبێژی بارەگای بارزانی وەڵامی بۆ لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دایەوە کە ئامادەبوونی پاسەوانەکانی مەسعود بارزانی لەو سەردانەی بۆ شرنەخی باکووری کوردستان ئەنجامیدا بە شەرمەزاریی وەسفکردبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی بارەگای بارزانیدا هاتووە: “بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات”.
ڕاشیگەیاند “قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک ڕووینەداوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: “سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا”.
