دەسەڵاتی دادوەری سووریا لە پاشخانی ڕووداوەكانی 2011ی درعا بە شێوەی ئامادەنەبوون “غیابی” بڕیارێكی دەستگیركردنی دژی بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتووی وڵاتەكە دەركرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ دادوەری لێكۆڵینەوەی حەوتەم لە دیمەشقی پایتەخت، بەشێوەی ئامادەنەبوون فەرمانێكی دەستگیركردنی دژی بەشار ئەسەد، سەرۆكی پێشووی هەڵهاتووی سووریا دەركرد ئەوەیش لە پاشخانی ڕووداوەكانی 23ی تشرینی دووەمی 2011ی شاری درعا، كە بە سەرەتای هەڵگیرسانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان دادەنرێت و پاشان بۆ شۆڕشی چەكداری گۆڕا و چەند ساڵێكی خایاند.
لە بڕیارەكەی دادگادا، بەشار ئەسەد تۆمەتبار كراوە بە كوشتنی بە ئەنقەست و ئەشكەنجەدانێك، كە بووەتە هۆی مردن و زەوتكردنی ئازادییەكان.
هەروەها گەیشتنی بڕیارەكە بە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپووڵ و بەدواداچوونی نێودەوڵەتی لە خۆدەگرێت بە پشتبەستن بە سكاڵای قوربانیانیش جەخت لەوە كراوەتەوە، كە بەدواداچوونە یاساییەكان بۆ دادگایی كردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو بەردەوام دەبن.
ئەمە و لە 8ی كانوونی یەكەمی 2024 بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتووی سووریا بەشێوەیەكی لەناكاو دوای چەند ڕۆژێك لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشە چەكدارییەكان، وڵاتەكەی بەرەو مۆسكۆ بەجێهیشت و ئۆپۆزسیۆن سووریای كۆنتڕۆڵ كرد، ڕووسیاش ڕایگەیاند، بەهۆكاری مرۆیی مافی مانەوەی لە وڵاتكەیدا بە ئەسەد بەخشیوە.
