هەینی. ئازار 6th, 2026

دارایی هەرێم، بانكێكی لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخستەوە

سەیرکراوە: (1.2K)

وەزارەتی دارایی هەرێم، بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخستەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕِایدەگەیەنێت، کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.

جەختیشی كردۆتەوە، پڕِۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش).

شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 102 Today: 2,490 📊 Click Here