کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتەوە ئاساتی ئاسایی خۆی، ئەویش دوای ئەو هێرشەی کە بەمدواییە کرایە سەر کێڵگەکە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان دوای ئەو ڕێکارە ئەمنییانە هات کە بە سوپاسەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە گیراونەتەبەر.
کۆمپانیاکە پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی سەلامەتی کارمەند و دامەزراوەکانی و پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی غاز شل بۆ گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
شەوی 26ی مانگی ڕابردوو بە درۆن و مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیرا و 80٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان بڕا.
تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە ئاشکرا نەکراوە کە حکومەتی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەری پەلامارەکە پێکیهێنابوو.
