چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

درۆنێکی یەمەنی لە ئیلات 19 ئیسرائیلی بریندار کرد

سەیرکراوە: (1.7K)

حوسییەکانی یەمەن درۆنێکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و لە ئیلات 19 ئیسرائیلی بریندار بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، لە شاری ئیلات لە کەنارەکانی دەریای سوور لە باشووری وڵاتەکە کەوتە خوارەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل نەیتوانی ڕێگری لێبکات، نۆزدە ئیسرائیلی برینداربوون کە دووانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە. دەسەڵاتی فەرمی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو لە تەنیشت هۆتێلێک لە شاری ئیلات کەوتە خوارەوە”. ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا دوو مووشەکی بۆ ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تەقاندووە، بەڵام ئامانجەکەیان نەپێکاوە. خزمەتگوزاری ئەمبولانسی ئیسرائیلی ماگن دەیڤید ئادۆم بڵاویکردەوە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە دڵی ناوچەی گەشتیاریی ئیلات، ١٩ ئیسرائیلی برینداربوون کە دوو کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ڕۆژنامەی عیبری یەدیوت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ناوچەی گەشتیاریی ئیلات کەوتووەتە خوارەوە، کە زۆربەی چالاکییە بازرگانی و کات بەسەربردنەکانی تێدا چڕبوونەتەوە، لەوانە هۆتێل و دوکان و سەنتەری بازرگانی و یانە شەوانەکان. لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکسی ئەمریکی دانی بەوەدانا کە سەرەڕای چالاککردنی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، پێش ئەوەی لەناو شاردا بکەوێتە خوارەوە، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگری بکات.

پێش ئەوەی سوپای ئیسرائیل شکستی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە شارەکە ڕابگەیەنێت، ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لە شارەکەدا چالاک کرابوو.

سوپا ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی فریاگوزاری لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە کاردەکەن، هاوکات دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی بۆ هۆکارەکانی لەکارکەوتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی کردەوە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 2,493 📊 Click Here