چوارشەممە. نیسان 8th, 2026

درۆنەکان لە ئاسمان و درۆکان لەسەر زەوی

سەیرکراوە: (213)




محمد کاوە

شاردنەوەی خۆر بە بێژینگێکی دڕاو، ڕێک لەو درۆیە قێزەونە دەچێت کە سەرۆک وەزیرانێک لە ژێر بارانی مووشەکدا بە گەلەکەی بڵێت “هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە”! لە کاتێکدا ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە تاقیگەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان بۆ لێدانی بنکەکانی وەک هەریر و کەمپی ڤیکتۆری، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکردە فەنتەڵۆسەکانی بەغدا لەناو کۆشکە قایمەکانی ناوچەی سەوزەوە دانیشتوون و بەیاننامەی کۆمیدی دەردەکەن کە گوایە “هێزە ئەمنییەکان ئاسایش دەپارێزن” ! ئایا سوکایەتییەک هەیە لەوە گەورەتر بێت کە دەوڵەتێک تەنانەت نەتوانێت ڕێگری لە هەڵدانی یەک درۆنی میلیشیاکانی خۆی بکات، کەچی لەسەر شاشەکانەوە بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بکات؟ ئەمە سەروەری نییە، ئەمە تەنها خەیاڵپڵاویی دەسەڵاتێکە کە خۆی لە ئاستی واقیعدا کوێر کردووە.
کاتێک کرێگرتەیەک دەبێتە خاوەن ماڵ، ئیتر خاوەن ماڵە ڕاستەقینەکە دەبێتە میوانێکی ترسنۆک کە تەنانەت ناوێرێت قسە لەسەر وێرانبوونی ژوورەکانیشی بکات! میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئارەزووی خۆیان دەیان هێرشی درۆنی ئەنجام دەدەن و وڵات پەلکێشی ناو جەرگەی شەڕێکی وێرانکەری هەرێمی دەکەن ، کەچی حکومەت لەبری ئەوەی ئەم چەکدارانە پەلبەست بکات، تەنها لیژنەی “چاودێریکردنی دۆخەکە” پێکدەهێنێت ! هۆکارەکەشی ڕوونە؛ چونکە ئەم منداڵە لوسکە و خاڵۆژن و پورانەی ناو دەسەڵات، هاوبەشی ئابووری و سیاسیی ئەم گروپە چەکدارانەن، و زۆر باش دەزانن کە مانەوەیان لەسەر کورسییەکانیان بەندە بە ڕەزامەندیی ئەو میلیشیایانەی کە مووچەکانیان لە خودی خەزێنەی دەوڵەت وەردەگرن . بۆیە ئەوان ئامادەن عێراق و کوردستان بسوتێنن، تەنها بۆ ئەوەی بڵێن “ئێمە هێشتا حوکم دەکەین”.
درۆکردن لە کاتی کارەساتدا، چیتر لاوازی نییە، بەڵکو بەشداریکردنێکی ڕاستەوخۆیە لە ڕشتنی خوێنی قوربانییەکاندا. (وەک چۆن فەیلەسوف و بیرمەندی گەورە، ئاین ڕاند زۆر بەوردی دەڵێت: “تۆ دەتوانیت واقیع پشتگوێ بخەیت و خۆتی لێ گێل بکەیت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی پشتگوێخستنی واقیع پشتگوێ بخەیت.”) سوودانی و کابینەکەی دەیانەوێت ئەو واقیعە پشتگوێ بخەن کە دەوڵەتەکەیان لەژێر دەستیاندا نەماوە و هێزەکانی حەشد بڕیاردەری ڕاستەقینەی شەڕ و ئاشتین . ئەوان وایانزانیوە بە وتنەوەی وشەی “کۆنترۆڵ” دەتوانن ڕێگری لەو ئاگرە بکەن کە ڕۆژانە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرۆکی عێراق دەگرێت. دروستکردنی دەوڵەتێکی وەهمی کە تەنها بۆ مووچەدان بە میلیشیاکان و پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتانی تر دروست بووبێت، دەرئەنجامەکەی تەنها وێرانبوونە.
ئەو ئارامییەی کە لەسەر لێواری گڕکانێک دروست دەکرێت، تەنها بێدەنگیی پێش تەقینەوەیەکی کوشندەیە! ئەی ئەو گەلەی کە شەوانە لە ترسی دەنگی درۆن و بۆردومانەکاندا کەرامەتتان دەشکێنرێت، تف بکەنە ڕووی ئەو سەرکردە ترسنۆکانەی کە لە ژێر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیدا دەخەون و بە درۆکانیان ئێوەیان خستووەتە ژێر ڕەحمەتی ئاگرەوە! بێدەنگی بشکێنن و ئەو تەختە بڕووخێنن کە سەروەریی ئەم نیشتمانەی کردووەتە قوربانیی کۆمەڵێک میلیشیای لەیاسادەرچوو. حکومەتێک کە لەبری پاراستنتان، درۆتان لەگەڵ بکات و کارەساتەکان بە “کۆنترۆڵکراو” بفرۆشێتەوە، تەنها شایەنی ڕاماڵین و دادگاییکردنە لەسەر شەقامەکان!

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 23 Today: 137 📊 Click Here