بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی دژەتیرۆری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵیت، \”روونکردنەوەیەک بۆ ئەوانەی دروشمی (هەڵهاتنیش دەبێت)یان بەرزکردبووەوە\”. لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری یەکێتی هاتووە، \”ئەمڕۆ 16-10-2025، پەڕەی فەرمی گروپێکی چەکداری لۆکاڵیی کۆمەڵێک دیمەن و وتەیان بڵاوکردوەتەوە کە هەر شایستە بەوانە، جیا لەوەی سەرلەبەری بلاوکراوەکانیان درۆ و چەواشەکارییە، بەپێویستمان زانی روونکردنەوە لەسەر یەکێک لە دیمەنەکان بدەین کە گوایا تەنسیقی نێوان هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر-CTG و هێزی دژەتیرۆری عێراقە لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، کە ئەمە سەرلەبەری درۆیە و بەڵکو دیمەنەکە هی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی هەرێم و دژەتیرۆری عێراقە لە ڕۆژی 13-07-2020 کە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشە لە سنوری پارێزگای دیالە بۆ دۆزینەوە و کێوماڵکردنی شانە نوستووەکانی داعش\”. ئاماژە بەوەکراوە، \”هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییە دەکەن و چالاکییەکانیش لە سەرجەم پێگە فەرمییەکانمان بەردەستن کە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی دژەتیرۆر بۆ لەناوبردنی مەترسییەکانی پاشماوە و شانە نوستوو و چالاکەکانی تیرۆرستان\”. ئەوەشخراوەتەڕوو، \”لامان سەیر نییە هێزێکی لۆکاڵی کە سەرجەم چالاکییەکانی لە وێنەگرتن و سەرکوتی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خۆپیشاندان و بوونە کلاوسووری بەرلەشکری دوژمن کۆدەبێتەوە لەم چالاکییە گرنگ و نێودەوڵەتیانە تێبگات، با ئەو هێزە لۆکاڵیە سەرقاڵی کاری خۆیان بن و ئیشی گەورەی وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی یاسا و پاراستنی هەولێر و ئازادکردنی مەخمور لەو ڕۆژانەی ئەوان (هەڵهاتنیش دەبێت)یان کردبووە دروشمی خۆیان بۆ ئێمە جێبهێڵن\”
سەیرکراوە: (1.1K)
