زانای ئەمریکی جەیمس واتسۆن، یەکێک لەو زانایانەی کە یارمەتیدەر بوو لە دۆزینەوەی پێکهاتەی ماددە بۆماوەییەکان، لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
تاقیگەی کۆڵد سپرینگ هاربر ڕایگەیاند؛ جەیمس واتسۆن، لە شاری لۆنگ ئایلەند، نزیک شاری نیویۆرک کۆچی دوایی کردووە.
واتسۆن و هاوکارەکەی فرانسیس کریک، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پێکهاتەی ترشی ناوکی DNAیان دۆزییەوە، کە نیشانیاندا پێکهاتەکەی لە لوولەیەکی دووانە پێکدێت، هاوشێوەی پەیژەیەکی لولپێچ، لەگەڵ جووتێک پێکهاتە کە هەریەکەیان پلەیەک پێکدەهێنن.
ئەم دۆزینەوەیە، یارمەتیدەر بوو لە ڕوونکردنەوەی میکانیزمی زۆربوونی جینەکان، کە بە یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی زانست دادەنرێت و بناغەی بۆ شۆڕشی ئەندازیاری بۆماوەیی و تەکنەلۆژیا نوێیەکان دانا.
لە ساڵی 1962، واتسۆن و کریک و ویڵکنز، کە بەشدارییەکی گرنگی پێشویان هەبوو، خەڵاتی نۆبڵیان لە بواری پزیشکیدا وەرگرت بۆ ئەم دۆزینەوەیە.
پاشان واتسۆن بۆ چەندین دەیە کاری زانستی خۆی لە تاقیگەی کۆڵد سپرینگ هاربر بەردەوامی پیدا.
بەڵام ژیانی واتسۆن پڕ مشتومڕ بوو، چونکە لێدوانەکانی لە ساڵی 2007 کە سروشتێکی ڕەگەزپەرستانەیان هەبوو، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، کاتێک ئاماژەی بەوەدا کە پیاوانی بەتەمەن “تۆوی نەخۆشیان” هەیە، و جەختی لە بوونی جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان ڕەگەزی مرۆڤدا کردەوە.
لە ئەنجامدا، نازناوە فەخرییەکانی لەلایەن تاقیگەوە لێسەندرایەوە، لەوانەش نازناوی ڕاوێژکار و ئەمینداری فەخری، و لە پۆستی ڕاوێژکاری تاقیگەکە خانەنشین بوو، و لەو کاتەوە تا بەر لەکۆچی دوایی لە ژیانی گشتی دوورکەوتووەتەوە.
