ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایدەگەیەنێت، نەیارانمان نایانەوێت حكومەتی هەرێم هەبێت و دەشڵێت: ئەگەر پارتی بەهێز نەبووایە، نەیارانمان تەنیا لەسەر دروستكردنی كێشەی مووچە بۆمان نەدەوستان.
لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی پڕۆسەكە دەكات و بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبە دووپاتی دەكاتەوە، كە بڕوایان بە ئازادیی تاك هەیە و بانگەشەیەكی ئارام و شارستانی بەڕێوە دەبەن.
دیاری حسێن، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیای حزبەكەی وتووە، لە ساڵی 1992ـەوە كە هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوە دەچێت، هاووڵاتیان متمانە بە پارتی دەبەخشن بۆ ئەوەی سیاسەتی حوكمڕانیی وڵات بەڕێوە ببات، ئەم متمانەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
وتیشی، ئێمە لەگەڵ شەرعییەتی دەنگدان و هەڵبژاردنین و بانگەشەیەكی ئازاد و هێمن بەڕێوە دەبەین. پێویستە هەموو لایەنەكان بانگەشەیەكی ئارام و سەردەمیانە بكەن، بۆ ئەوەی ڕووی جوانی كوردستان پیشانی جیهان بدەین.
ڕوونیشی كردەوە، پارتی بڕوای بە نەتەوەكەی خۆی هەیە و قوربانیی بۆ دەدات، بۆیە نامانەوێت خەڵكی كوردستان بڕەنجێنین و بێزاریان بكەین. ئێمە بڕوامان بە ئازادیی تاك هەیە و دەمانەوێت خەڵك بە ئازادی بانگەشە بۆ لایەنی دڵخوازی خۆی بكات و دەنگ بدات.
دیاری حسێن ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر پارتی بەهێز نەبووایە، نەیارانمان تەنیا لەسەر دروستكردنی كێشەی مووچە بۆمان نەدەوستان، بەڵكو ئێستا گەلی ئێمە ئاوارەی وڵاتان ببوو. نەیارەكانمان نایانەوێت حكومەتی هەرێم بوونی هەبێت و دەستوور جێبەجێ ناكەن، بەڵام پارتی بووەتە بەربەست لە بەردەم پلانەكانیان.
دەشڵێت: پارتی بارودۆخی دارایی وڵاتی بەرەو باشی بردووە و بەرەو بەهێزبوونی زیاتریشی دەبات، ژیانی خەڵكی ئێمەش لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ باشترە.
