توێژەرانی ئەمریکی و سویسری تاقیکردنەوە لەسەر چارەسەری ئیفلیجی دوای جەڵتەی مێشک دەکەن ئەوەش لەڕێگەی دەرزییەكەوە و دەڵێن: ”جووڵە بە کەسانی ئیفلیج بوو دەداتەوە”.
توێژەرانی زانکۆی زیۆرک و زانکۆی باشووری کالیفۆڕنیا کار لەسەر چاندنی خانە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکەن بۆ ئەوەی بخرێنە نێو جەستەی کەسانی ئیفلیج تاوەکو دووبارە جووڵەیان بۆ بگەڕێتەوە.
بەپێی وتەی ەو توێژەرانە، دەرزی خانە بنەڕەتییەکان (Stem Cell) دەتوانێت خانە زیانپێگەیشتووەکانی مێشک زیندوو بکاتەوە و دووبارە گەشەیان پێبداتەوە، بەمەش ئەو خانانەی بەرپرسن لە جووڵەکانی جەستەی دووبارە کار دەکەنەوە و چارەسەری ئیفلیجییەکە دەکەن.
کریستیان تاکنبێرگ، پسپۆڕی مێشک و دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تاقیکردنەوەکەمان لەسەر ئاژەڵ کردووە و بۆمان دەرکەووتووە، لەماوەی پێنج هەفتەدا ئەو خانە بنەڕەتییە چێندراوانە دەگۆڕێن بۆ دەمارەخانە و پەیوەندی لەگەڵ خانەی مێشكدا دروست دەکەن.
لە تاقیکردنەوەکەدا هاتووە، “خانە بنەڕەتییەکان جووڵەیان بۆ ئەوانە گەڕاِندووەتەوە کە ئیفلیج بوون. هاوکات زیانەکانی جەڵتەی مێشک کە بە مێشکی دەگەیەنێت چاکبوونەوەیان نییە و کاریگەریی لەسەر کارکردنی مێشک و جووڵەکانی جەستە بەجێدەهێڵێت”.
