دەزگایەکی تەندروستی لە بەریتانیا رایدەگەیەنێت، لە 24 ساڵی رابردوودا چەندان سکاڵا و راپۆرتی دژ بە دەرمانی ڤیاگرا تۆمار کراون؛ كە بۆتە هۆی “لەدەستدانی بیستن و بینایی، هەڵوەرینی قژ و کێشەکانی پێست”.
دەزگای رێکخستنی دەرمان و بەرهەمەکانی چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا ئاشكرای دەکات، لەنێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2024دا زیاتر لە 900 سکاڵا دژی دەرمانی دەنکۆڵەی ڤیاگرا تۆمار کراون، بەڵام پسپۆڕانی دەزگاکە بەشێک لە هۆکارەکان بۆ هەڵە بەکارهێنانی دەرمانەکە دەگەڕێننەوە.
لەنێو راپۆرتەکاندا دەركەوتووە، “شەش پیاو، کە حەبی ڤیاگرایان بەکارهێناوە و توانای بیستنیان لەدەستداوە، بە هەڵە دەرمانەکەیان بەکارهێناوە و زێدەڕۆییان لە بەکارهێنانیدا کردووە. چەندین پیاویش بەهۆی زۆربەکارهێنانییەوە قژیان هەڵوەریوە و هەستیاریی پێستیان بۆ دروستبووە”.
بەشێک لە راپۆرتەکان ئەوەیان دەرخستووە، هەندێک پیاو دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە چووکیان شکاوە.
دەزگاكە روونی دەکاتەوە، تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانە مەرج نییە راستەوخۆ بەهۆی دەرمانەکەوە بووبێت، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ و بە بڕی گونجاو بەکاربێت.
