یەکشەممە. کانونی یەکەم 7th, 2025

دەستپێشخەرییەکانی قەندیل و بێدەنگیی دەوڵەت

سەیرکراوە: (1.5K)

*عەلی ئۆرەماری

ئەو ئاستەنگانەی تورکیا دەیانخاتە بەردەم پرۆسەی ئاشتی، هەندێک گومان دروست دەکات کە تورکیا ڕاستگۆ نییە لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا، لە سەرقاڵکردنەوە بگرە تا سنووردارکردنی چالاکییەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی لە گوێگرتن لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئامادەنەبوونیان لە دیدار و گوێگرتن لە قسە و ئامۆژگارییەکانی بەڕێز ئۆجالان.

پرۆسەی ئاشتی لای ئەوان لە بازنەی کارە تاکتیکییەکاندایە و نەبووەتە هێڵێکی ستراتیژی. بەم شێوەیەش تورکیا نەچووەتە قۆناغی گواستنەوەوە، لە سیاسەتی نکوڵیکردنی کوردانەوە بۆ سیاسەتی قبووڵکردنی مافە ڕۆشنبیری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد.

سەرەڕای ئەو ئاستەنگە بەردەوامانەش، کورد لە کەسایەتیی سەرۆکی زیندانیکراو عەبدوڵا ئۆجالاندا، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکان بۆ سەرخستنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتدا.

دوای قۆناغی قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئۆجالان و پرسی بێدەنگکردنی چەک لەلایەن قەندیلەوە، کە لە ڕێگەی گرووپێکی سیمبولی لە بەردەم چاوی ڕۆژنامەوانانی جێبەجێ کرا و چەکەکانیان سووتاند، ئێستا لە تازەترین دەستپێشخەری خۆیاندا، سەرکردایەتیی پەکەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاری دا، هەموو ئەو هێزانەی دەکەونە ناو هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە لە خاکی تورکیاوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە قەندیل کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندایە، بگوازێتەو و 30 گەریلاش وەک هەنگاوی یەکەم کشانەوە.

ئەم دەستپێشخەرییەی قەندیل، ئەوە بیر مرۆڤ دەخاتەوە لە داواکارییەکانی پێش چەند ساڵێک کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی دەدا پشتێنەیەکی پارێزراو لە شەڕ بە درێژایی سنوور لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروست بکات.

قەندیل بەم دەستپێشخەرییەی چۆڵکردنی ناوچەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ لەناو سنووری تورکیادا، دوو ئامانجی بەدی هێنا:

یەکەم: ڕاستگۆیی قەندیل و پابەندبوونێکی ئەخلاقی بە بڕیارەکانی سەرۆک ئۆجالان و پرۆسەی ئاشتییەوە. دووەمیش، ئەو پشتێنەیەی کە تورکیا دەیویست لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دروستی بکات، سەرکردایەتیی پەکەکە پشتێنەکەیان گواستەوە بۆ ناو سنووری تورکیا. بەو شێوەیەش دوو جار دەوڵەتی قەرزاری دەستپێشخەرییەکانی خۆی کرد.

لای ئۆجالان و سەرکردایەتیی پەکەکە، تێگەیشتنی پرۆسەی ئاشتی ئامانجێکی ستراتیژییە و هەموو دەرگاکان بۆ سەرخستنی ئاشتی دەکەنەوە. ئێستا بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی ئاشتی زیاتر بەرەو پێش بچن و دەوڵەتی تورکیا بە کردەوە لە مانۆڕە تاکتیکییەکانەوە بچێتە نێو هەنگاوە ستراتیژییەکان و قۆناغی گواستنەوەوە، پێویستە دەوڵەت هەنگاوی نوێ بنێت. لەوانەش؛

بۆ ئەوەی نیازەکانی تورکیا ببنە کردار، پێویستە دەوڵەت هەنگاوی زیاتر بنێت و برایەتیی گەلانی تورکیا لە دروشمە کۆنەکانەوە، بگۆڕێت بۆ هەنگاوی ڕاستگۆیانە و ئاشتی و برایەتیی گەلانی تورکیا ببنە هەنگاوگەلێکی ستراتیژیی دەوڵەت.

*ماستەر لە زانستی ئابووری، نووسەر و چاودێری سیاسی

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 61 Today: 3,042 📊 Click Here