پێنجشەممە. ئازار 5th, 2026

دەستەواژە و هێماکانی هەڵەچنی لە فیدباک

سەیرکراوە: (1.6K)

بیلال حمە

پێدانی فیدباکێکی ئەرێنی و بنیادنەرانە بە فێرخوازان پێویستە، کاتێک تێنووس، ئەرکی ماڵەوە یان پەڕەی تاقیکردنەوەی فێرخوازەکانت دێتە بەردەست، بەشێوەیەکی ڕێکخراو فیدباکی دەربارەی کارەکەی پێ بدەیت.

یەکێکیش لە ئامرازە سەرەکییەکانی پێدانی فیدباک، بەکارهێنانی دەستەواژە و هێماکانی هەڵەچنییە، کە مامۆستایان بەکاریان دەهێنن بەشێوەیەکی کورت، دیار و کاریگەر، هەروەها ڕێنمایی فێرخوازانی پێدەکەن و ئاراستەیان دەکەن، تاکوو خۆیان هەڵەکان بدۆزنەوە و بەشێوەیەکی سەربەخۆ چاکسازیی و پاکسازیی لە کارەکانیاندا بکەن و بیانخەنە دۆخی بەرۆکگیری مەعریفی، بۆئەوەی ئاستی فێرخوازەکان لە ئاستێکدا نەمێنێتەوە و بگاتە ئاستی داهاتوو.

دەستەواژەکانی فیدباک:

دەستەواژە فیدباکییەکان، ڕەخنەیەکی بنیادنەرانەیە و کۆمەکی فێرخوازان دەکات، تاکوو هەڵەکانیان لە باوەش بگرن و لێیانەوە فێر ببن و چاکسازیی لە کارەکانیاندا بکەن.

هەروەها لە دەستەواژەکانی فیدباکدا پێویستە سەرنج بخرێتە سەر چالاکیی فێرخواز، نەک خودی فێرخواز خۆی.

ئەو دەستەواژانەی فیدباک کە دەدرێت بە فێرخواز، جا چ بەشێوەی نووسینەکی یاخوود زارەکی بێت، ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر بەرەوپێشچوونی ئاست و ئەدای کاری فێرخوازان.

نموونەی دەستەواژە فیدباکییەکان:

١- هەوڵدان بە کارەکەتەوە دەبینم، هەر بۆیەشە تێبینی دەکەم حەزێکی زۆرت بۆ فێربوونی خاڵبەندی هەیە، بۆیە ھێڵم بەژێر ئەو نیشانە خاڵبەندییانەدا کێشاوە کە شوێنی دانانیان دروست نییە، یاخوود پێویستی بە دانانی خاڵبەندی دیکە هەیە. پێداچوونەوەی بۆ بکە و بۆم بگەڕێنەوە.

٢- ئەنجامەکەت ڕاستە، بەڵام هەنگاوەکانی گەیشتن بەم ئەنجامە چین؟ تەواوی هەنگاوەکان یەک لە دوای یەک بنووسە.

٣- هەوڵەکەت بەرز دەنرخێنم، بەڵام بۆ نووسینەکانی تر با سەرنجە ئەرێنییەکانت زیاتر بێت.

٤- ئەم وەڵامە ڕوون، پوخت و تەواوه، بەڵام پێویستە باشتر پارێزگاریی لە پەڕەی ئەرکەکانی ماڵەوەت بکەیت.

٥- هەوڵدانێکی باشە! بەڵام پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بۆ بابەتەکەت بکەیت، هەڵەکان چاک بکەیت و ئەو زانیاریانەی بیرت چوون بیاننووسیت.

٦- کارەکانت جێگەی دڵخۆشیمە. بۆیە چاوەڕێی بەرەوپێشچوونی زیاترت لێ دەکەم دەربارەی بابەتە مێژووییەکان.

٧- هەوڵدانەکەت بەرزدەنرخێنم بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەت، بەڵام بۆ جارەکانی دیکە گرج وگۆڵانەتر ئەرکەکانت ئەنجام بدە.

٨- هەربژی! بەڵام پێویستە هۆکارەکان بەپێی گرنگی بابەتەکە ڕیزبەندی بکەیت.

٩- من چێژم بینی لە خوێندنەوەی وەڵامەکانت. هیوادارم سەرنجەکانم دەربارەی ئەرکەکەت یارمەتیدەرت بن، لە پێداچوونەوە و باشترکردنی کارەکانی داهاتووت.

١٠- ڕێگای تر هەیە بۆ شیکارکردنی پرسیارەکە، بۆیە دەکرێت سوود لەو ڕێگایانەی تر وەربگریت و بگەیتە ئەنجامی دروست.

١١- ٤×٣ یەکسان نییە بە ١٦. تکایە دووبارە پێداچوونەوە بە کرداری لێکدانەکەدا بکەرەوە و بۆم بگەڕێنەوە.

١٢- وەڵامی پرسیارەکانت دروستن، بەڵام پێشنیار دەکەم کاتێک وەڵامی پرسیارێک دەدەیتەوە، هەوڵ بدە هەنگاو بە هەنگاو پرسیارەکە وەڵام بدەیتەوە و جێگۆڕکێ بە هەنگاوەکان نەکەیت.

نموونە: ناڵێین ساڵ لە مانگ، ڕۆژ و هەفتە پێکهاتووە. بەڵکوو دەڵێین: ساڵ لە ڕۆژ، هەفتە و مانگ پێکهاتووە.

١٣- لە وەڵامی ئەم پرسیارە باسی کۆمەڵێک خاڵت کردووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەم خاڵانەدا نابینمەوە. هەوڵ بدە بەستەگی لە نێوان خاڵەکاندا هەبێت.

١٤- ناونیشانەکەت نایابە! بەڵام سەیری بکە بزانە لەگەڵ نووسینەکانی خوارەوەی ناونیشانەکەدا گونجاون یاخوود نا، پێویستە باشتر بیانگونجێنی.

١٥- هەنگاوی باش دەبینم لە کارەکەتدا، پێشنیارت بۆ دەکەم پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ دەرئەنجامی ئەم پرسیارە بکەیت و دووبارە تێنووسەکەت یان پەڕەکەتم بۆ بگەڕێنیتەوە.

دەربڕینەکانی: تۆ زۆر زیرەکی، من پێت سەرسامم، تۆ ئەستێرەیت و دکتۆری دواڕۆژیت… هتد بەتەنیا نابنە فیدباک، بەڵکوو ستایشن و کۆمەکییەکی ئەوتۆ بە فێرخوازان ناکەن.

هێماکانی هەڵەچنی:

هێماکانی هەڵەچنی دەتوانن ببنە ڕێنیشاندەر و سەرەداوێک، تاکوو لەم ڕێگەیەوە فێرخوازەکان کاری خۆیان بژار بکەن و لە هەڵەکانی خۆیانەوە فێر ببن و زۆنی زانینیان فراوانتر بکەن.

ئەم هێمایانە باوترین هەڵەکان دەپۆشن و هاوکارێکی زۆر باشە بۆ فێرخوازان، تاکوو لە هەر هەڵەیەکی نووسینەکانیان ئاگادار بکرێنەوە، جا چ ڕێنووسە نادروستەکانیان بێت، خاڵبەندی ونبوون، کەپیتاڵ کردن، پەڕەگراف کردن، وشەیەکی زیادە یان ئەنجامێکی نادروست…هتد کە لە کاری فێرخوازەکان دەردەکەون و بەدی دەکرێت.

پیشاندانی ئەم هێمایانە و هەڵواسینی لە پۆلەکەتدا، یان پێدانی کۆپییەک بە هەر فێرخوازێکت، یان لکاندنی هێماکان بە تێنووسەکانیانەوە، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هاوکارێکی زۆرباش دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان باشتر بکەن.

گرنگی ئەم هێمایانە لەوەدایە کە جێگرەوەی دەقنو بۆ گەیاندنی پەیامێک بەکاردێن و ئاسانکاریی بۆ فێرخوازان دەکەن، لە زووتر تێگەشتنی پەیامی مامۆستا دەربارەی کارەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارن بۆ زیاتر سەرنجڕاکێشانی فێرخواز، چونکە فێرخواز زیاتر ئارەزووی وێنە دەکات نەک دەق.

خاڵی هەرە گەش و دیاری ئەم هێمایانەش لە پێدانی فیدباکدا ئەوەیە کاتی زۆری ناوێت و دەتواندرێت بە کەمترین کات زۆرترین فیدباک بدرێت بە کاری فێرخواز و هەروەها پێویست بە ڕوونکردنەوە و دیداری مامۆستا ناکات، تاکوو فێرخوازەکە بە هەڵەکانی خۆی بزانێت و بپرسێت لە مامۆستاکەی کە ئەم هێمایانە بەمانای چی دێن، چونکە لە دەستپێکی ساڵدا بۆی ڕوونکراوەتەوە و لەهەمانکاتدا بە ستیکێک تەواوی هێماکان و مەبەستەکانیان لکێندراوە بە تێنووسەکانیان و هەم لەسەر دیواری پۆلەکانیشیان هەڵواسراوە.

دیارترین نموونەکانی هێماکانی هەڵەچنی لە فیدباکدا بە وێنەی هێما، مانا، نموونە و ڕوونکردنەوە:

١- هێمای نیشانەکردنی زەرد

مانا: ناڕوونی یاخوود ناڕێکی لە بەشێکی کارەکە.

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

ساڵ لە چوار وەرز پێکدێت: بەهار، پایز، هاوین و زستان.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

ساڵ لە چوار وەرز پێکدێت: بەهار، هاوین، پایز و زستان.

ڕوونکردنەوە: ئەم نیشانەکردنە فێرخوازەکە ئاگادار دەکاتەوە کە ناڕێکییەک لە بەشی دیاریکراو بە ڕەنگی زەردا هەیە و پێویستە تەنیا ئەو بەشە دیاریکراوە پێداچوونەوەی بۆ بکات و ڕاستی بکاتەوە.

٢- هێمای نیشانەکردنی ڕەنگی سوور

مانا: ئەنجامەکەت یان بەتەنیا بەشی دیاریکراو بە ڕەنگی سوور هەڵەیە.

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

٧✖️٨=٥٤

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

٧✖️٨=٥٦

ڕوونکردنەوە: ئەم نیشانەکردنە فێرخواز ئاگادار دەکاتەوە کە بەتەنیا لە بەشی دیاریکراو بە ڕەنگی سوور هەڵەی کردووە یاخوود ئەنجامەکەی نادرووست نووسیوە، واتا هەموو کارەکە بە ڕاست و ناڕاستەوە

٣- هێمای (هـ.ڕ) یاخوود (SP)

مانا: هەڵەی ڕێنووس

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

من کتێبەکەم خوێنودوە.(هـ.ڕ)

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

من کتێبەکەم خوێندەوە.

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە فێرخوازەکە ئاگادار دەکاتەوە کە لەشوێنی دیاریکردنی ئەم هێمایەدا هەڵەی ڕێنووس هەیە و پێویستە پێداچوونەی بۆ بکرێت و هەڵەکە راست بکرێتەوە.

٤- هێمای ^

مانا: کەمی وشەیەک یان کۆمەڵە وشەیەک

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

بەیانی ^ قوتابخانە دەچم.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

بەیانی بۆ قوتابخانە دەچم.

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە فيرخواز ئاراستە دەکات کە ڕستەکە ناتەواوە و وشەیەک یان زیاتری پێویستە، تاکوو مانای تەواو بدات و دروست بێت.

٥- هێمای ✖️

مانا: سڕینەوەی پیتێک، یاخوود وشەیەکی زیاد

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

ئێمە چووین بۆ یاریکردنن.✖️

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

ئێمە چووین بۆ یاریکردن.

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە کۆمەکی فێرخواز دەکات، کە لە شوێنی دانانی ئەم هێمایە پیتێک یاخوود وشەیەکی زیاد هەیە و پێویستە دووبارە پێداچوونەوەی بۆ بکەیت و پیت یاخوود وشە زیادەکە لابدەیت.

٦- هێمای #

مانا: پێویستی بوونی بۆشایی لەنێوان وشەکان

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

شەم لەگەڵ شەن چووبۆ گەشت.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

شەم لەگەڵ شەن چوو بۆ گەشت.

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە فێرخواز ئاگادار دەکاتەوە کە پێویستە لە شوێنی دیاریکراوی ئەم هێمایەدا بۆشایی هەبێت لەنێوان ئەم دوو وشەیەدا.

٧- هێمای ~~~

مانا: نووسین لەسەر یەک هێڵ

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

کتێبەکەی خوێندەوە. ~~~

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

کتێبەکەی خوێندەوە.

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە فێرخوازەکە ئاراستە دەکات کە لەسەر یەک هێڵ بنوسێت و دووبارە ئەرکەکە بنووسێتەوە یاخوود بۆ بۆ ئەرکەکانی دیکە نووسینەکە لەسەر هێڵەکە بێت.

٨- هێمای

مانا: هێمای خاڵبەندی خاڵ

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

کتێبەکەم خوێندەوە

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

کتێبەکەم خوێندەوە.

ڕوونکردنەوە: یارمەتی فێرخواز دەدات کە لە کۆتایی ڕستەکان پێویستە هێمای خاڵ دابندرێت یاخوود بۆ جیاکردنەوەی ڕستەکان لە یەکتری بۆ ڕوونی و ڕوانی نووسین.

٩- هێمای ،

مانا: هێمای خاڵبەندی بۆر

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

کوڕینە بخوێنن، بە خوێندن دەگەنە ئامانج.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

کوڕینە بخوێنن، بە خوێندن دەگەنە ئامانج.

ڕوونکردنەوە: بە دانانی ئەم هێمایە، فێرخواز فێردەبێت کە نیشانەی خاڵبەندی بۆر یاخوود کۆما دابنێت بۆ ڕێکخستنی ڕستەکان.

١٠- هێمای

مانا: نیشانەی خاڵبەندی سەرسوڕمان

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

ئۆخهی ئاڵای کورد ههڵکرا.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

ئۆخهی! ئاڵای کورد ههڵکرا.

ڕوونکردنەوە: دانانی ئەم هێمایە لە شوێنی پێویست و گونجاو، فێرخوازەکە ئاگادار دەکاتەوە کە لێرەدا پێویست بە دانانی هێمای سەرسوڕمان دەکات و وادەکات لەکاتی خوێندنەوەدا باشتر گوزارشت لە دەربڕینی هەستەکانی بکات.

١١- هێمای

مانا: نیشانەی پرسیار

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

تۆ کتێبەکەت خوێندەوە

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

تۆ کتێبەکەت خوێندەوە؟

ڕوونکردنەوە: ئەم هێمایە فێرخوازەکە ئاگادار دەکاتەوە، لەشوێنی دانانی ئەم هێمایە نیشانەی پرسیار دابنێت بۆئەوەی ڕستەکە مانای تەواو بگەیەنێت.

١٢- هێمای

مانا: جووتخاڵ

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

ڕامان وتی من خهڵکی کوردستانم.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

ڕامان وتی: من خهڵکی کوردستانم.

ڕوونکردنەوە: بە دانانی ئەم هێمایە لە شوێنی پێویست، کە فێرخوازەکە لەبیری کردووە یاخوود نەیزانیوە ئەوا فێرخوازەکە فێردەبێت بۆ جارەکانی دیکە لەشوێنی پێویست ئەم هێمایە لەبیر نەکات و بزانێت لە چ شوێنێک پێویست دەکات ئەم هێمایە دابنێت.

١٣- هێمای ¶

مانا: پەڕەگرافێکی نوێ

نموونەی شێوازی پێدانی فیدباک:

پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆككۆماری كوردستان لە 31ی ئازاری 1947 لەسێدارەدرا. ¶ 75ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت.

نموونەی ئەنجامی پێدانی فیدباک:

پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆككۆماری كوردستان لە 31ی ئازاری 1947 لەسێدارەدرا.

75ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت.

ڕوونکردنەوە: بە بەکارهێنانی ئەم هێمایە بۆ فێرخواز لەسەر پەڕەی ئەرکەکەی، فێرخوازەکە فێردەبێت کە باسە جیاوازەکان لە پەڕەگرافێکی جیاوازدا بنووسێت و جیایان بکاتەوە لەیەکتری.

سەرچاوەکان:

▪بیلال حەمە $ شاجوان محمد (٢٠٢٢): فیدباک. چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە. کوردستان-هەولێر

▪ https://www.slideserve.com/triveni-ishaan/proofreadingmarks

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 128 Today: 2,345 📊 Click Here