هەینی. ئازار 6th, 2026

دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی؛ ئەم سێ پرسیارە لە ویژدانتان بکەن..

سەیرکراوە: (15.8K)

دابان ئیبراهیم عەبدوڵا



هەرچەندە بەشێک لە خەڵکی کوردستان و عێراق بەهۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردن متمانەیان بە پرۆسەی دەنگدان نەماوە، بەڵام هێشتاش خەڵکانێک هەن دەنگ بە حیزبەکانی دەسەڵات دەدەن، کە ئەوەش جێگەی پرسیارە و مایەی سەرسوڕمانە.

هۆکاری ئەوەی بەشێکی کەم لە خەڵک دەنگ بە دوو حیزبەکەی دەسەڵات دەدەن روونە، چونکە یان مووچەی بندیواریان هەیە یان بەرژەوەندی حیزبی و کەسیان لەوەدایە. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە خەڵکانێکی دیکە دەنگ بەو دوو حیزبە بدەن ئەگەر بەرژەوەندی شەخسیان نەبێت. ئەو جۆرە کەسانە دەبێ ئەم سێ پرسیارە لە خۆیان بکەن.

یەکەم:
ئایا پارتی و یەکێتی لە ماوەی ٣٤ ساڵی رابردوودا توانیویانە ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزار بۆ خەڵک بەرقەراربکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە. کەرتی تەندروستی کوردستان یەکێکە لە خراپترین سێکتەرەکانی تەندروستی لە جیهاندا. کەرتی پەروەردە لە لێواری داڕمان و لە ئاستی وێرانەدایە. هەلیکار و دەرفەتی یەکسان بە هیچ جۆرێک دابیننەکراوە. سیستەمی دادوەری لەژێر سایەی دوو حیزب و بنەماڵەدایە. خەڵکی کوردستان هێشتا بەبێ ئاوی پاکی خواردنەوەن، کارەبایان نییە، شەقام و رێگەی گونجاو نییە کە بەهۆیەوە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی رووداوی هاتووچۆ. گەنجان بەبێ هەلیکارن و ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆ بەبێ کار دەچنە ماڵەوە.

دووەم:
ئایا بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار (بارزانی و تاڵەبانی) وەک خەڵکی دیکە دەژین؟ ئایا یەکسانی و دادپەروەری هەیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانترە. نەخێر، نەک بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، بەڵکو منداڵ و نەوەکانیشیان لە ژیانێکی ١٠٠٪ پێچەوانەی خەڵکی ئاسایی دەژین. هەموومان دەزانین ئارینی کوڕی مەسرور کە کەناڵێکی دەیان ملیۆن دۆلاری لەسەر حسابی ئێمە دروستکردووە و رۆژ تا ئێوارە خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆیە بۆ خەڵک، کوڕەکەی نێچیرڤانیش بەناوی رێکخراو و پڕۆژەوە خەریکی دزین و کۆکردنەوەی پارەیە! منداڵانی بەرپرسانی کوردستان لە راقیترین شوێنەکانی جیهان گەشت دەکەن، لە باشترین زانکۆکانی جیهان کورسی بۆ خۆیان دەکڕن، لەکاتێکدا رۆژانە هەزاران گەنج کوردستان جێدەهێڵن و روودەکەنە ئەوروپا.

سێیەم:
ئایا ئومێد و هیوایەک هەیە کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێ قەیرانەکان چارەسەر بکات؟
بێگومان نەخێر، چونکە لە ٣٤ ساڵی رابردوودا هیچ کێشە و قەیرانێک بنەبڕنەکراوە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری کەرتی کارەبا و وزە بکەین دەبینین هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە. ئێستاش بەناوی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە سەرقاڵی هەڵتەکاندنی گیرفانی هاوڵاتیانن، هێشتا خەڵکی کوردستان ناتوانێ لە هاویندا بەبێ گرفت ساردەکەرەوە و لە زستانیشدا بەبێ گرفت گەرمکەرەوە بەکاربهینێ. هێشتا نرخی بەنزین لە ئاستێکی بەرزدایە و ساڵی چەند جارێکیش قەیرانی کەمی بەنزین سەرهەڵدەدات. قەیرانی نەبوونی رێگا و شەقامی سەلامەت، نەبوونی مووچە، سەرکوتی ئازادییەکان، نەبوونی دادپەروەری، کەمی خزمەتگوزاری و چەندین قەیرانی دیکە رۆژ بە رۆژ زیاد دەبن.
ئایا دەسەڵاتێک دوای ٣٤ ساڵ هیچ قەیرانێکی چارەسەر نەکردبێت و بەردەوامیش قەیران زیادبکات، شایەنی ئەوەیە لەژێر هیچ بیانوویەکدا دەنگی پێبدرێت؟

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 2,117 📊 Click Here