نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ قسەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەبارەی عێراق، دووپات كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: “با عێراق جارێکی تر مەزن بکەینەوە.” مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵوێستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕاگەیاند سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆشدارییش دەدات کە واشنتن ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو نادات. ساڤایا پەیامێكی لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، کار دەکەن بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی بەهێز، دووپاتیشی کردووەتەوە کە پڕۆسەی سیاسی دەبێت لەو فیگەرانە دوور بێت كە بوونە هۆی پشێوی. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات، ترەمپ لە پەیامێكیدا هەڕەشەی بڕینی تەواوی هاوکارییەکانی ئەمەریکای کرد ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەو پێیەی سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەکەی تووشی هەژاری و ناسەقامگیری کردووە. لە کۆتاییشدا ساڤایا ستایشی هەوڵەکانی جۆو ویڵسن، كۆنگرێسمانی وڵاتەكەی کرد لەم چوارچێوەیەدا، جەختی لە دروشمی (با عێراق جارێکی تر مەزن بکەینەوە) کردەوە.
سەیرکراوە: (1.5K)
