پارەی مووچەی مانگی شوبات گەیشتە هەرێمی کوردستان و سبەینێ دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند سبەینێ سێشەممە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی بەدابەشکردنی دێت.
ئەمەش دوای هات کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ٢٩٥ ملیار و ٤٠٥ ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی پارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕوونیشیکردەوە کە هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی ١٦ ملیار و ١٠٧ ملیۆن و ٨٨١ هەزار دیناری لە پارەی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
هەروەها دەڵێت: وەزارەتی دارایی “بەداخەوە بڕی ئەو ٣٦ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٦٤ هەزار دینارەشی خەرج نەکردووەتەوە کە مانگی ڕابردوو لە پارەی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نووسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە ڕونکردنەوەی پێویستیشمان پێدابوون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستانەمان کردبوو”.
