شەممە. نیسان 11th, 2026

سودانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دا

سەیرکراوە: (1.6K)

حکومەتی عێراق بڕیاری خەزێننەی ئەمریكا بۆ سزادانی چەند دامەزراوەیەكی عێراقی بە “ناتەبا” دەزانێت لەگەڵ گیانی دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتر و وتەبێژی حكومەتی عێراق دەڵێت: سەرۆکی حکومەت داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی کردووە بۆ ئەم پرسە”.

باسم عەودای، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی ئەو بناغەیەیە کە دەوڵەتی عێراق پیادەی دەكات لە هەموو لایەنەکانی کارەکانیدا و پابەندە بەو پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی کە عێراق واژۆی كردووە.

ڕاشیگەیاند، حکومەت لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای “موهەندیس”ی گشتی و هەندێک قەوارەی دیکەدا، بە تۆمەتی پەیوەندییان بەو قەوارانەی کەوتوونەتە ژێر رێکاری یاسایی ئەمریکاوە.

دەشڵێت: حکومەتی عێراق بۆ ئەم کارە تاکلایەنە بە داخە و بە ناتەبای دەزانێت لەگەڵ گیانی دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتر، کە لە مێژە تایبەتمەندی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە و گرتنەبەری بڕیارێکی لەو شێوەیە بەبێ راوێژ یان گفتوگۆی پێشوەختە، پێشینەیەکی نەرێنیە لە مامەڵەی وڵاتانی هاوپەیمان.

عەوادی وتیشی، “عێراق داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، کە لە پێشەنگییان ئەمریکایە، هاوکاری بکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکنیکی و بانکیدا، بەتایبەتی لەگەڵ پرۆسەی چاکسازیی پەیكەری گشتی سیستەمی بانکی و دارایی عێراق کە ئەم حکومەتە ئەنجامی داوە”.

ئاشكراشی كرد، سەرۆکی حکومەت رێنمایی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی کرد کە لە نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی و دەستەی دەستپاکی و بانکی ناوەندی پێکدێت، بۆ پێداچوونەوە بەو پرسە پەیوەندیدارەو راپۆرت و راسپاردەکانی لە ماوەی 30 ڕۆژدا پێشکەش بکات، بۆ گرتنبەری رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی پێویست.

جەختیشی كردەوە، سەرۆك وەزیران جەختی لە بەرپرسیارێتی دەوڵەت کردووتەوە لە پاراستنی مامەڵەكارانی مەدەنی و پڕۆژە گرنگەکانی پەیوەست بەو کۆمپانیایانە و دڵنیابون لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بەبێ پەککەوتن و دڵنیابوون لەوەی کە هەر رێوشوێنێکی راستكردنەوە کاریگەری لەسەر مافی هاوڵاتیان یان مامەڵەكاران نەبێت كە پەیوەندییان بەو چالاکییانەی نییە کە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.

وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، “عێراق هەر چالاکییەکی ئابوری یان دارایی ڕەت دەکاتەوە، کە لە چوارچێوەی یاسایی نیشتمانی لابدات یان بۆ دابینکردنی دارایی گروپە چەکدارەکان، یان ناکۆک بێت لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان”.

وتیشی، “حكومەت بەردەوام دەبێت لە ڕێوشوێنی شەفافەكانی بۆ دڵنیابون لە پاراستنی سامانی گشتی و رێگریکردن لە هەر قەوارەیەک لە مامەڵەكردن لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت، بەبێ قبوڵکردنی هیچ سەرپەرشتیاری یان دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆدا”.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 191 Today: 2,871 📊 Click Here