سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنی لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە سۆمۆ راگەیاند.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە و لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتینە ڕیککەوتن لەبارەی نەوتی هەرێمەوە.
سودانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لەو کێڵگانە وەردەگرێت کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردەی دەرەوەی دەکات، ئەمەش دوای 18 ساڵ چاوەڕوانی هاتە ئاراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەک دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕال و کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆبوونەوە و وتویژی بەردەوامدابوون بۆ ڕیککەوتن لەسەر ڕادەستکردن و هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەمرۆش بەفەرمی سودانی ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگەیاند.
جێی ئاماژەیە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر دوو بابەتی سەرەکی و جێ ناکۆکی نێوان هەریم و بەغدا قەتیس بووە، یەکەم ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و دووەم هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بەپێی ڕێککەوتنەکە حکومەتی هەرێم بڕی نەوتی بەرهەمهاتووی ڕادەستی بەغدا دەکات لەگەڵ 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، حکومەتی فیدڕاڵیش مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.
هاوکات هەر ئەمرۆ حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران بکرێت.
