بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایدەگەیەنێت، بەغدا بە هيچ شێوەیەك دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی لای حكومەتی هەرێم نەگرتووەتە ئەستۆ و دەشڵێت: رێککەوتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایە بیانییانەی لە هەرێم کاردەکەن ئاسان نەبوو “وشە بە وشە رێككەوتنەكەمان داڕشت”.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، عێراق بە تەواوی پابەندە بەو رێككەوتنەی کە لەگەڵ ئۆپێک و وڵاتانی هەناردەكاری نەوت سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنان ئەنجامیداوە.
دەشڵێت: لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، تەواوی نەوتی بەرهەمی هەرێم لە سەرجەم كێڵگەكان دەخرێتە ناو چوارچێوەی هەناردەكردن و بەکارهێنانی ناوخۆ و بڕی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان لە پشکی ئۆپێکی عێراقدا جێگیرکراوە، هەربۆیە جیاوازییەکە کەم دەبێت، بەو پێیەی لە بەکارهێنانی ناوخۆییەوە گواستراوەتەوە بۆ هەناردەکردن لەڕێگەی سۆمۆوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەکارهێنانی ناوخۆیی نزیکەی (50)هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا قەبارەی هەناردەکردنی ئێستا نزیکەی (190)هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و ئەگەری زیادبونی هەیە لەگەڵ بەردەوامبونی پرۆسەی هەناردەکردن، چونکە وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە دەست بە زیادبوون دەکات، بەمەش قەبارەی هەناردەکردن زیاد دەکات.
وتیشی، “رێککەوتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایە بیانییانەی کە لە هەرێم کاردەکەن ئاسان نەبوو، بەڵام لەسەر بنەمایەکی پتەوی پیشەیی و تەکنیکی ئەنجامدرا”.
ئاشکراشی کرد، ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن جیهانین و پشت بە سیستەمێكی بەرهەمهێنان و حیسابکردنی تێچوون و داهاتی ورد دەبەستن و دانوستانەکان لەگەڵیان بە وردی بەڕێوەچوو، قەناعەتیان پێكرا لەڕێی چوونە ناو وردەکارییە وردەکان و داڕشتنی رێککەوتنەکە وشە بە وشە، بەجۆرێك مافی ئەو کۆمپانیایانە و مافەکانی حکومەتی فیدراڵی و مافەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زامن بكات.
شەتری دەشڵێت: لە رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان بەغداد و هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکان، بە هیچ شێوەیەک باس ئەوەی تیادانییە حکومەتی فیدراڵی قەرزی ئەو کۆمپانیایانە لەلای حکومەتی هەرێم لە ئەستۆ بگرێت. “ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەوەیە کە لە یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025دا هاتووە، هەروەها هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ ساڵی 2025”.
