عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، کێشەمان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەم پارتی ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاوکردەوە کە ڕۆژی 27ی ئەم مانگە لە گرتووخانەی دورگەی ئیمرالی بەڕێوەچوو.
ئۆجالان لە دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە، “نابێت بە تەسکبینی سەیری ئەم کێشە گەورەیە بکەین کە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین؛ چونکە پلانە هەژموونخوازە قووڵەکان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەن. لە کاتێکدا لە سووریا شانبەشانی بارودۆخە بەئازارەکان، تا ڕادەیەک گۆڕانکاری ئەرێنی ڕوو دەدەن، ئێستاش شەڕی ئێران لە ئارادایە. لە شەڕی ئێراندا سێ هێڵ دەرکەوتوون”.
دەربارەی سێ هێڵەکە ڕایگەیاند، یەکەمیان، هێڵی ئەمریکا-ئیسرائیلە. دووەمیان، ئەو هێڵەیە کە بەریتانیا سەرکردایەتی دەکات و هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ پاراستنی دۆخی باو پەیڕەوی دەکەن. سێیەمیشیان، ئەو هێڵی دیموکراسی و ژیانی هاوبەشەیە کە ئێمە لە ڕێگەی ‘پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ پەرەمان پێداوە و بەرگری لێ دەکەین. پێشهاتەکانی ناو ئێران جارێکی تر ڕەوایی و گرنگی ئەو پرۆسەیەی کە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، سەلماندەوە”.
ئۆجالان ڕاشیگەیاند، “ئێمە چارەسەرێک کە چەقەکەی ئەنادۆڵ-میزۆپۆتامیا بێت بە بنەما دەگرین. پەیوەندی نێوان ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵە. یەکەمین پەیماننامەی گەورەی ئاشتی لە مێژوودا، پەیماننامەی ‘قادیش’ بوو لە نێوان هیتییەکان و میسرییەکاندا. مێژووی سیاسی چوار هەزار ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی داوە کە ئاسایشی ئەنادۆڵ بە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیادا تێدەپەڕێت. تەواوکاریی دیموکراتیک، بە واتای بەشداریبوونی کلتووری میزۆپۆتامیا دێت وەک بوونێکی دیموکراتیک”.
ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: “کێشەی ئێمە لەگەڵ کۆماردا نییە؛ کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کۆمار دیموکراتیک نییە. دیموکراسی تاقە چارەسەرە کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کۆمار”.
وتیشی: “نابێت دەربڕینی هەڵەکان، توندڕەوییەکان و نادیموکراسیبوونی وڵاتان و کۆمەڵگاکان لە قۆناغە مێژووییەکاندا، وەک دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان سەیر بکرێت و بە نامۆ بزانرێت. پێویستە بگوترێ کە بەرگریکردن لە شێوازە پاکتاوکارییەکان (ئاسیمیلاسیۆن) بە باوەڕێکی پۆزەتیڤیستانە، وەک پۆشینی کراسێکی تەسکە کە بە زۆر کراوەتە بەری ئەم وڵاتە”.
ئۆجالان وتیشی: “وەک لە بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتیشدا ئاماژەم پێدا، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە. چیتر گەڕانەوە بۆ دواوە مەحاڵە. ئەو قۆناغەی تێیدا دەژین، قۆناغی تێپەڕبوونە بەرەو ئاشتی لە ڕێگەی کۆماری دیموکراتیکەوە. کاتێک ئەم پرۆسە خوازراوە بگاتە سەرکەوتن، کۆمار دوو ئەوەندە بەهێز دەبێت. ئەوەی پێی دەڵێین کۆمەڵگەی دیموکراتیک، تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەرێکی لەو شێوەیە بە بنەما دەگرێت. دەبێت تێگەیشتنێکی وەها بۆ کۆمەڵگایەتی و هاووڵاتیبوون پەرە پێ بدەین کە پەیوەندی کورد لەگەڵ دەوڵەت بە شێوازێکی پۆزەتیڤ ڕێکبخاتەوە. دەوڵەتیش لێرەدا دەبێت ئەوە ببینێت کە هیچ چالاکییەکی تێکدەرانە یان هەڕەشەیەکی ئەمنی لە ئارادا نییە”.
عەبدوڵا ئۆجالان ڕاشیگەیاند، “بەشداری لە کۆماردا دەبێت لە ڕێگەی ناسنامە، ئازادی دەربڕین و بیروڕا، ئازادی ڕێکخراوەیی و ئازادی ژنانەوە بێت. ئەمانە تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکو کایەی ئازادین بۆ هەموو کەسێک”.
