سەركردەیەكی دامەزرێنەری كۆمەڵی دادگەری كوردستان پێی وایە “هەرێم چەندین كوێخای هەیە” و دەشڵێت: وابڕوات ئەم فیدڕِاڵییەتە لە دەست دەدەین.
دارا محەمەد ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری کۆمەڵی دادگەری لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “سوننەكان بە یەك كاندیدەوە سەرۆكی پەرلەمانیان هەڵبژاردن و شیعەكانیش خەریكی دیاری كردنی یەك كاندیدن بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵام تا ئێستا كورد لەسەر یەك كاندید ڕێكنەكەوتووە و چەندین كاندیدی هەیە و كار گەیشتۆتە ئەوەی ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار 81 كاندیدی هەیە”.
وتیشی، “ئێستا پێگەی كورد زۆر لاواز بووە لە عێراق و كورد پێكهاتەیەكی بەهێزی وای نییە ببێتە نوێنەری هەمووان، چونكە ئەگەر پێكهاتەیەكی بەهێزمان هەبوایە ئەوانی تر هەموو دەكشانەوە، چونكە یەك كاندیدی بەهێزمان نییە تا بڵێین كاندیدی هەمووانە و ئەوە مافی كوردە بەپێی مافی دەستوور و عورفی سیاسی”.
دەشڵێت: “وابڕوات ئەم فیدڕاڵییەتە لە دەست دەدەین، چونكە 10 ساڵ بەرلەئێستا ئێمە عێراقمان بەڕێوەدەبرد”.
سەبارەت دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، دارا محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەشداوە، کورد لەهەر چوار پارچەکە لە ژێر فشاردایە. ئەمریکا ڕێگە نەدات، تورکیا ناتوانێت دەستوەردان لە سووریا بکات.
جەختیش دەكاتەوە، کێشە خۆمان پێ چارەسەر نەکراوە کێشەی خەڵکمان پێ چارەسەر ناکرێت.
