چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

سەرۆکی “یوتیوب” بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایتەییەکان لە منداڵەکانی سنووردار دەکات

سەیرکراوە: (1.4K)

بە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشدا، نیل مۆهان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی “یوتیوب”، چووە پاڵ لیستێکی گەورەی سەرکردەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە ڕێکاری توند لەسەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ منداڵەکانیان دەگرنەبەر، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پلاتفۆرمانە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران.

مۆهان، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە سەرکردایەتی “یوتیوب” دەکات و بەم دواییانە لەلایەن گۆڤاری “تایم”ەوە بە “سەرۆکی جێبەجێکاری ساڵی ٢٠٢٥” هەڵبژێردرا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤارەکە ئاشکرای کرد کە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەلایەن سێ منداڵەکەیەوە (دوو کوڕ و یەک کچ) بە کۆنتڕۆڵ و ڕێسای ڕوون بەڕێوە دەبرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی “سی ئێن بی سی”، مۆهان ڕایگەیاندووە، خێزانەکەی سیاسەتێکی جیاواز لە نێوان ڕۆژانی هەفتە و کۆتایی هەفتە پەیڕەو دەکات، بە شێوەیەک کە ڕێساکان لە ڕۆژانی خوێندندا توندترن و لە پشووی کۆتایی هەفتەدا شلترن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە گۆڤاری “تایم” لە ڕێگەی “تیک تۆک”ەوە بڵاوی کردەوە، مۆهان ڕوونیکردەوە: “ئێمە باوەڕمان بە بنەمای مامناوەندی هەیە لە هەموو شتێکدا،و هەوڵ دەدەین تا دەکرێت جێبەجێی بکەین، هەرچەندە ئێمە نموونەیی نین.”

لێدوانەکانی سەرۆکی “یوتیوب” لە کاتێکدان کە پسپۆڕان بەردەوامن لە هۆشداریدان لە کاریگەرییەکانی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر دەروون و ڕەفتاری گەنجان.

جۆناسان هایدت، پرۆفیسۆری دەروونناسی لە زانکۆی نیویۆرک و نووسەری کتێبی “نەوەی نیگەران”، داوا دەکات ڕێ نەدرێت منداڵان پێش تەمەنی ١٤ ساڵی ببنە خاوەنی مۆبایلی زیرەک و تا تەمەنی ١٦ ساڵیش سۆشیال میدیا بەکارنەهێنن.

هایدت ئاماژە بەوە دەکات کە مۆبایلی زیرەک چیتر تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکی کراوەیە کە هەموو جیهان لێوەی دەچێتە ناو ژیانی منداڵانەوە، لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەی کە لەگەڵیدا دێن.

لە سەر ئاستی یاساییش، ئوسترالیا بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای لە کەسانی خوار ١٦ ساڵ قەدەغە کرد.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 108 Today: 736 📊 Click Here