ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە پێویستیدەزانێت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە یەکەدەنگی، بچنە بەغدا.
سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەهێز بێت، پێویستە لەگەڵ پارتى بە یەکدەنگى و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بچنە بەغداد، تاوەکو لەوێ نەکەونە دژایەتیکردنی یەکدی.
لەبارەى کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەعدی پیرە ڕایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگی بۆ چوونە بەغدا.
سەعدی پیرە، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە “گەشبینانە” وەسف کرد و ڕاشیگەیاند، لەپاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەى هەرێمى کوردستانیش ئەنجام دەدەن.
