شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەستپێدەکات و پاداشتی دارایی ئەو کەسانەش دەکات کە لە هەڵمەتەکەدا بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییانی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردووەتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینێ، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت و لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت، ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن”.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕاشیگەیاند، داواکارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاووڵاتییان دەبێت.
دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن: 07719914460
شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت
