شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەكدارەكانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب و شەڕڤانانی كورد پەیامێکی پرسە و هاوخەمی ئاراستەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پەیامەكەیدا دەڵێت: ” خەم و پەژارەم لە بڕان نایەت بۆ ئەو هەموو شەهید و پیر و گەنج و مناڵەی، کە بە برینداری کەوتنە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و خانووە ڕووخاوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە، هەروەها ئەوانەی بوونە دیلی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و دوور لە نەریتی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا”.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خوشک و براکانم لە ڕۆژئاوای کوردستان و سەرجەم نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتی ئەکەم.
پرسە بۆ گیانلەدەستدانی (زیاد حەڵەب) سەرقافڵەی شەهیدانی شێخمەقسوود و ئەشرەفییە، کە بە بەرچاوی سازشکارانەی جیهانەوە لەپێناوی ئازادی و شکۆمەندیی نەتەوەکەیدا، بەرامبەر سوپای بێشووماری تاریکپەرستان ڕاوەستا و چۆکی دانەدا و تەسلیم نەبوو.
پرسە و خەمی قووڵم بۆ شەهیدبوونی (دەنیز)ی کچە شەڕڤان، کە شەمشەمەکوێرەکان تەنانەت لە جەستەی بێ گیانی نەگوزەران و بێڕێزییان بە تەرمە پیرۆزەکەی کرد.
خەم و پەژارەم لە بڕان نایەت بۆ ئەو هەموو شەهید و پیر و گەنج و مناڵەی، کە بە برینداری کەوتنە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و خانووە ڕووخاوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە، هەروەها ئەوانەی بوونە دیلی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و دوور لە نەریتی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.
پرسە و خەمی ئەم جارەمان ئێجگار بەسوێیە، ئێمە بۆ مرۆڤایەتی جەنگاین و شەهیدمان دا، کەچی ئەوان بۆ ئێمە لە بێدەنگی و سەیرکردن بەولاوە، وەڵامێکی تریان پێنەبوو.
لە کۆتاییدا ئەوەی جێی هیوایە، ئەو پێشوازییە بێ وێنەیە بوو، کە خوشک و براکانم لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە تەرمی پیرۆزی ئەو پۆلە شەهیدەیان کرد.
ئەمانە بۆ هەتاهەتایە ناویان لە دڵمانا بە نەمری ئەمێنێتەوە.
جارێکی تر پرسە و سەرەخۆشیم ئاراستەی سەرجەم نەتەوەکەمان ئەکەم.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
